چوارچێوەی هەماهەنگی, کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراقی یەکلایی کردەوە

چوارچێوەی هەماهەنگی، بە زۆرینەی دەنگ، نووری مالیکی وەک کاندیدی فەرمی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کرد و داوای لە پەرلەمان کرد بە پەلە کۆبوونەوەی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات.

شەممە، 24ـی کانوونی دووەمی 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی (الإطار التنسيقي)، لە نووسینگی هادی عامری، بۆ دیاریکردنی کاندیدێک بۆ پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەوە.

چوارچێوەکە لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاند: کە بە زۆرینەی دەنگ، نووری کامیل مالیکی وەک کاندیدی پۆستی سەرۆک وەزیرانی عێراق دیاریی کردووە.

چوارچێوەی هەماهەنگی روونی کردووەتەوە، کە دیاریکردنی مالیکی وەک کاندیدی گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی، بە لەبەرچاوگرتنی "ئەزموونی سیاسی، ئیداری و ڕۆڵی ناوبراو لە بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا" بووە.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەنراوەکەدا، چوارچێوەی هەماهەنگی پابەندبوونی تەواوی خۆی بە ڕێکارە دەستوورییەکان دووپات کردووەتەوە و ئامادەیی نیشان داوە بۆ کارکردن لەگەڵ سەرجەم هێزە نیشتمانییەکان بە ئامانجی "پێکهێنانی حکوومەتێکی بەهێز و کارا کە توانای ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگارییەکان و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و پاراستنی ئاسایش و یەکڕیزیی عێراقی هەبێت."

لە کۆتاییدا، چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە پەرلەمانی عێراق کردووە کە بە پێی وادە دەستوورییەکان، دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار ئەنجام بدات، وەک هەنگاوێکی پێویست بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆک وەزیران.

 

نووری مالیکی کێیە؟

ناوی تەواو: نووری کەمال محەممەد حەسەن مالیکی.

-لە 20ـی حوزەیرانی ساڵی 1950 لە پارێزگای کەربەلا لە دایکبووە.

-هەڵگری بڕوانامەی بەکالۆریۆسە لە کۆلێژی "ئوسوڵ دین" لە بەغدا.

-هەڵگری بڕوانامەی ماستەرە لە زمانی عەرەبی لە زانکۆی سەڵاحەددین لە هەولێر.

-لە ساڵی 1970 پەیوەندی بە حزبی دەعوەی ئیسلامییەوە کردووە.

-لە ساڵی 1979 و دوای دەرچوونی سزای لەسێدارەدان بۆ ئەندامانی حزبی دەعوە لە لایەن ڕژێمی بەعسەوە، عێراقی جێهێشتووە.
سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسایە لە ساڵی 2009ـەوە تا ئێستا.

 

پۆستە فەرمییەکانی نووری مالیکی

-سەرۆک وەزیرانی عێراق/ خولی یەکەم (2006 - 2010).

-سەرۆک وەزیرانی عێراق / خولی دووەم (2010 - 2014).

-جێگری سەرۆک کۆماری عێراق (2014 - 2015) و (2016 - 2018).