ئەنجوومەنی ئاسایش بانکی رافیدەینی لە لیستی سزاکانی دەرهێنا
ئێستا بانکەکە 164 لقی لەنێو عێراقدا هەیە

K24 - هەولێر
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بانکی رافیدەینی لە لیستی سزاکانی دەرهێنا.
لە راگەیەندراوێکدا نەتەوە یەکگرتووەکان دوێنێ (چوارشەممە، 16-12-2020) ئاشکرای کرد "رۆژی 16ـی دیسەمبەر، ئەنجوومەنی ئاسایش بەپێی یاسای 1518ـی (2003) رەزامەند بوو لەسەر لادانی بانکی رافیدەین لە لیستی کەس یان ئەو شوێنانەی سەرچاوەی داراییان سڕدەکرێت بەپێی یاساکانی نەتەوە یەکگرتووەکان".
لە راگەیەندراوەکەدا هەروەها هاتووە: بانکی رافیدەین، دەکەوێتە سەر شەقامی رەشید لە بەغدا، لە 21-9-2003 (لەو لیستە) تۆمارکراوە و لە 16ـی 12-2020 لە لیستەکە دەرهێنرا.
بانکی رافیدەین لە ساڵی 1941 دامەزراوە. لە ساڵی 1988 حکومەت بووەتە خاوەنی تەواوی بانکەکە و لقەکانی. ئێستا بانکەکە 164 لقی لەنێو عێراقدا هەیە، هەروەها حەوت لقی لە دەرەوەی عێراق هەیە لە: قاهیرە، بەیرووت، ئەبووزەبی، بەحرەین، سەنعا، عومان و جەبەل عومان.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان لە چوارچێوەی ئەو رێکخراوە بەرپرسە لە پاراستنی ئاسایشی نێودەوڵەتی. 15 ئەندامی هەیە و هەریەکەیان یەک دەنگیان هەیە و بڕیاری دەرهێنانی بانکی رافیدەینیش لە لیستی سزاکان، بە دەنگی ئەوان بووە.
ئەنجوومەنی ئاسایش هەرچەندە دەیەوێت تووندوتیژی و هەڕەشەکان لەڕێگەی ئاشتییەوە چارەسەر بکات، بەڵام دەسەڵاتی ئەوەشی هەیە دووبارە کەس و لایەنەکان سزا بداتەوە، تەنانەت هێزیش بەکاربهێنێت بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی لە جیهان.