میری ئێزدییەکان: پشتیوانی کوردانی رۆژئاوا دەکەین
میری ئێزدییەکان: پێویستە زمانی شەڕ و ماڵوێرانی کۆتایی پێ بهێنرێت
لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، نوێنەری میر حازم، میری ئێزدییەکان و ئەندامانی ئەنجوومەنی رۆحانی پەیامێکی گرنگی سەبارەت بە دۆخی کورد و ئێزدییەکان لە سووریا و ڕۆژئاوای کوردستان ڕاگەیاند و جەختی لەسەر پێویستی ڕاگرتنی شەڕ و خوێنڕشتن کردەوە.
نوێنەری میر حازم ئاماژەی بەوە کرد؛ پەیوەندیی نێوان ئێزدییەکان و گەلی کورد لە سووریا پەیوەندییەکی مێژوویی و پتەوە. گوتیشی: "لە دوای دەستپێکردنی شەڕی گەڕەکەکانی ئەشرەفییە و شێخ مەقسوود لە حەلەب، ئەو پەیوەندی و هاوکارییانە بەردەوامییان هەبووە و تا ئێستاش درێژەی هەیە."
نوێنەری میری ئێزدییەکان وێڕای دەربڕینی داخی خۆی بۆ ئەو قوربانییە زۆرەی خەڵکی ناوچەکە داویانە، ڕایگەیاند: "ئێمە هەڵوێستی ڕوونمان هەیە و دژی ئەو شەڕەین کە بەرامبەر بە برا کوردەکانمان دەکرێت. لێرەوە پەیامی پشتیوانی خۆمان بۆ هاووڵاتیانی کورد لە ڕۆژئاوا، بەتایبەتی خەڵکی ئێزدییەکان دووپات دەکەینەوە."
میر حازم داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد؛ دەستبەجێ شەڕ ڕابگیرێت و کێشەکان لە ڕێگەی گفتوگۆ و بە شێوەیەکی ئاشتییانە چارەسەر بکرێن. جەختیشی کردەوە "زمانی شەڕ جگە لە ماڵوێرانی و دەربەدەری، هیچ دەستکەوتێکی دیکەی بۆ گەلان بەدواوە نییە، بۆیە پێویستە ئاشتی بکرێتە بژاردەی سەرەکی."