هەسەدە: پێشێلکارییەکانی سوپای عەرەبیی سووریا بەردەوامە

هەسەدە ڕایگەیاند، سەرەڕای ڕێککەوتنی درێژکردنەوەی ئاگربەست، بەڵام ئێستا پێشێلکارییەکان بەردەوامن و هێرش دەکرێتە سەر گوندەواری شاری کۆبانێ.

یەکشەممە 25ی کانوونی دووەمی 2026، ناوەندی ڕاگەیەندنی هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) ڕاگەیەندراوێکی بڵاو کردووەتەوە و تێیدا ئاماژەی داوە، بەگوێرەی زانیارییەکان، لەم ساتانەدا سوپای عەرەبیی سووریا هێرشەکانیان دەستپێکردووە بۆ سەر گوندەکانی شێخلەر (شیوخ) و زیرەک

دەشڵێت: لە ڕۆژئاوای کۆبانێ، هاوکات گوندی جەلەبیە لە باشووری ڕۆژهەڵاتی شارەکەش بۆردوومان دەکرێت.

دوێنێ شەممە، 24ی کانوونی دووەمی 2026، وەزارەتی بەرگریی سووریا، لە ڕاگەیەنراوێکدا ڕایگەیاندبوو، بڕیاریان داوە وادەی ڕاگرتنی شەڕ و ئاگر بەست لە سەرجەم کەرت و میحوەرەکانی ئۆپەراسیۆنی سوپای عەرەبیی سووریادا بۆ ماوەی 15 ڕۆژی دیکە درێژ بکەنەوە.

هەروەها هەسەدەش لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاگربەستەکەی پشتڕاستی کردەوە.