تراژیدیای ئاوارەیی لە ڕۆژئاڤا؛ منداڵێکی حەسەکە لە قامشلۆ ڕەق بووەوە

قامشلۆ.. سەرمای زستان گیانی منداڵێکی دیکەی ئاوارەی کێشا

بەهۆی ئەو دۆخە سەختەی کە بەهۆی گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریا، بۆ سەر شار و ناوچە کوردییەکان لە ڕۆژئاوای کوردستان دروست بووە، شەش منداڵ گیانیان لە دەستداوە و بەشێکی دیکەشیان بەهۆی سەرماوسۆڵە و نەبوونی سووتەمەنی بۆ خۆگەرمکردنەوە و کەمی خۆراکەوە لە دۆخێکی سەختدان.

25ـی کانوونی دووەمی 2026، دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 لە قامشلۆ گووتی: سەر لە بەیانی ئەمڕۆ ڕووداوێکی دڵتەزێن تۆمار کرا کە تێیدا منداڵێکی تەمەن 7 ساڵان بەناوی (حوسێن) بەهۆی کاریگەریی سەرمای زۆرەوە گیانی لەدەست دا.

بە گوێرەی زانیارییەکانی دیلان بارزان، ئەو منداڵە خەڵکی شاری حەسەکە بووە و خێزانەکەی بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانەوە ناچار بوون ماڵوحاڵی خۆیان جێبهێڵن و وەک ئاوارە ڕوو لە قامشلۆ بکەن، بەڵام دۆخی نالەباری ئاوارەیی و نەبوونی کەرەستەی گەرمکەرەوەی پێویست، بووە هۆی ئەوەی جەستەی حوسێن بەرگەی سەختیی ئەم زستانە نەگرێت.

ئەم ڕووداوە لە کاتێکدایە، تەنیا دوێنێ 5 منداڵی دیکە لە شاری کۆبانێ بە هەمان هۆکار گیانیان لەدەست داوە. بەمەش کۆی گشتیی ئەو منداڵانەی لە ماوەی 24 کاتژمێری ڕابردوودا لە ڕۆژئاوای کوردستان بوونەتە قوربانیی سەرما، گەیشتە 6 منداڵ.

چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەمساڵ زستانێکی سەخت ڕووی لە ناوچەکە کردووە، بەهۆی دابەزینی پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفر، هەروەها گەمارۆکانی سوپای عەرەبیی سووریا بۆ سەر شار و ناوچەکانی ڕۆژئاوای کوردستان، لە لایەکی دیکە کەمیی سووتەمەنی و خۆراک، مەترسیی ڕاستەقینە لەسەر ژیانی منداڵان و بەساڵاچووان دروست بووە کە بەرگریی جەستەیان کەمترە بەرانبەر کەشوهەوای سارد.