هەڵەبجە دەستی برایەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان درێژ دەکات
کەمپەینی هاوکاریکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان لە سەرجەم شار و شارۆچکەکان بەردەوامە و بڕیار وایە سبەی لە پارێزگای هەڵەبجەش بەڕێوەبچێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، پارێزگای هەڵەبجە بڵاویکردەوە، بە ئامادەبوونی لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژمارەیەکی بەرچاوی چین و توێژەکان، سبەی دووشەممە، کاتژمێر 9:00ـی بەیانی، کەمپەینی جەماوەری بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری و پشتیوانی کوردانی رۆژئاوا بەڕێوەدەچێت.
پارێزگای هەڵەبجە، ئاماژەی بەوە داوە، پارێزگای هەڵەبجە ئەو شارەی هەمیشە ئازاری لێقەومان و ئاوارەیی بە قووڵی هەست پێدەکات، بانگەوازی مەردایەتی ئاراستەی سەرمایەداران و بازرگانانی دەستکراوە و مامۆستایانی ئایینی و پێشەنگانی کۆمەڵگەو مامۆستایان و قوتابیان و جوتیارانی دەستڕەنگین و کاسبکارانی شارو فەرمانگە حکوومی، ناحکومییەکان لایەنە سیاسیەكان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و چالاکوانان و هونەرمەندان و ڕۆشنبیران و ڕاگەیاندنكاران و ڕۆژنامەنوسان و میدیاكاران و گەنجانی دڵسۆز و هەموو تاکێکی نیشتمانپەروەرو سەرجەم چین و توێژەكان بەبێ جیاوازی دەكات، بۆ هاریکردنی کوردانی رۆژئاوای کوردستان.
هاوکات ئەمڕۆ 16 بارهەڵگری کەلوپەل و پێداویستی هاوکاری لەلایەن دەزگای خێرخوازی بارزانییەوە ڕەوانەی رۆژئاوای کوردستان کران.