ئەنەکەسە: مەرسوومی سەرۆکایەتیی سووریا هەنگاوێکی ئەرێنییە

سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد لە سووریا (ENKS) دوای کۆبوونەوە لەگەڵ حزبە پێکهێنەرەکانی، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەخت لە کۆتاییهێنان بە شەڕ و هەڵگرتنی گەمارۆی سەر کۆبانێ دەکاتەوە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بە ئامادەبوونی محەممەد ئیسماعیل، سەرۆکی ئەنجوومەنەکە، لە شاری قامیشلۆ کۆبوونەوەیەکی فراوانی لەگەڵ حزبەکانی نێو ئەنجوومەنەکە ئەنجام دا.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنەکەسە پشتیوانیی تەواوی خۆی بۆ هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەربڕی و ڕایگەیاند: هەوڵەکانی سەرۆک بارزانی دەروازەیەکی سەرەکی بوون بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و دەرفەتێکی ڕاستەقینەیە بۆ زیندووکردنەوەی ڕەوتی سیاسی و زاڵکردنی زمانی گفتوگۆ.

سەبارەت بە چارەسەری پرسی کورد، ئەنجوومەنەکە ڕایگەیاندووە کە پرسی کورد پرسێکی نیشتمانییە و پەیوەستە بە ڕەگ و ڕیشەی دامەزراندنی دەوڵەتی سووریاوە. لەم چوارچێوەیەشدا، دەرچوونی مەرسوومی ژمارە 13 لەلایەن سەرۆکایەتیی کۆمارەوە بە هەنگاوێکی سەرەتایی ئەرێنی وەسف دەکەن کە دەکرێت لەسەری بنیات بنرێت بۆ دەستوورێک کە هاوبەشی و یەکسانی مسۆگەر بکات.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەنەکەسە داوا، وەستانی دەستبەجێی شەڕ و پەنابردن بۆ گفتوگۆ لەنێوان هەسەدە و سوپای سووریا، هەڵگرتنی گەمارۆ و هەموو بەربەستەکان لەسەر شاری کۆبانێ بۆ گەیاندنی هاوکارییە مرۆییەکان، مسۆگەرکردنی بەشداریی کارای کورد لە داڕشتنی ئایندەی وڵات لە ڕێگەی شاندی کوردیی هاوبەشەوە، پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و ڕەتکردنەوەی وتاری ڕق و کینە و زامنکردنی گەڕانەوەی ئارامی ئاوارەکان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان کردووە.

هەروەها ئەنەکەسە سوپاسی دەزگای خێرخوازیی بارزانی و ڕێکخراوەکان دەکات بۆ گەیاندنی هاوکاری، هەروەها جەخت لە یەکڕیزیی هەڵوێستی کورد و ڕەتکردنەوەی تاکڕەوی لە بڕیاری سیاسیدا دەکاتەوە و داوا دەکات سووریایەکی دیموکراسی و لامەرکەزی بونیاد بنرێت.