فلیپین؛ کەشتییەک بە 342 سەرنشینەوە نوقم بوو
بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، لە ڕووداوێکدا لە باشووری فلیپین، کەشتییەکی نەفەرهەڵگر بە 342 سەرنشینەوە نوقم بوو، بەهۆیەوە تا ئێستا گیانلەدەستدانی 8 کەس ڕاگەیەندراوە و هەوڵەکان بۆ ڕزگارکردنی سەرنشینانی دیکە بەردەوامە.
ئارسینا کاهنگ نانۆوه، سەرۆکی شارەوانی یەکێک لە شارۆچکەکانی پارێزگای باسیلان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتی خۆی، پشتڕاستی کردەوە کەشتیی "تریشا کیرستن 3" کە بەرەو دوورگەی سولو بەڕێوەبووە، تووشی ڕووداوی نوقمبوون بووە و تا ئێستا تەرمی 8 کەس دۆزراوەتەوە.
لە لایەکی دیکەوە، ڕۆنالین پێرێز، ڕێکخەری کاردانەوەی فریاگوزاری لە باسیلان، بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند: "تیمەکانی فریاگوزاری توانیویانە 138 کەس بە زیندوویی ڕزگار بکەن." ئاماژەی بەوەش کرد؛ بەهۆی زۆری ژمارەی بریندارەکانەوە، نەخۆشخانەکان ڕووبەڕووی کەمیی کارمەندی پزیشکی بوونەتەوە و تا ئێستا 18 بریندار گەیەندراونەتە ناوەندە تەندروستییەکان.
بەگوێرەی زانیارییەکان، کەشتییەکە لە شاری زامبۆانگاوە بەرەو دوورگەی جۆلۆ بەڕێوەبووە کاتێک ڕووداوەکە ڕوویداوە. پاسەوانی کەناراوەکانی فلیپین ڕایگەیاندووە؛ تەواوی هێزەکانیان لە باشووری مینداناو خراونەتە حاڵەتی ئامادەباشییەوە بۆ هاوکاریکردن لە ئۆپەراسیۆنەکانی گەڕان و ڕزگارکردندا.
وڵاتی فلیپین کە لە کۆمەڵێک دوورگە پێکهاتووە و ژمارەی دانیشتووانی 116 ملیۆن کەسە، بەردەوام ڕووداوی لەم شێوەیەی تێدا دووبارە دەبێتەوە. جێی وەبێرهێنانەوەیە، ساڵی 2023ش لە ڕووداوێکی هاوشێوەدا بەهۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەک لە باشووری ئەو وڵاتە، زیاتر لە 30 کەس گیانیان لەدەستدا.