مەکسیک؛ لە هێرشێکی چەکداریدا 11 کەس کوژران

لە ئەنجامی هێرشێکی چەکداری بۆ سەر کۆمەڵگەیەکی وەرزشی لە شارێکی مەکسیک، 11 کەس کوژران و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.

دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەم 2026، رۆژنامەی 'واشنتن پۆست' لە زاری 'سیزار پریێتۆ گایاردۆ' سەرۆکی شارەوانیی سالامانکا، بڵاوی کردەوە "دوێنێ ئێوارە، لە کاتی بەڕێوەچوونی یارییەک لە نێوان دوو تیپی خۆجێی تۆپی پێ، کۆمەڵێک چەکدار، بە شێوەیەکی هەڕەمەکی تەقەیان لە ئامادەبووان کردووە و لە ئەنجامدا ژمارەیەک هاووڵاتی کوژران و بریندار بوون؛ بەڵام تا ئێستا نەزانراوە چەکدارەکان کێن و بۆچی ئەو کۆمەڵکوژییەیان کردووە."

گایاردۆ، لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا، رایگەیاند" 10 کەس لە شوێنی رووداوەکە گیانیان لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش لە کاتی وەرگرتنی چارەسەری پزیشکی لە نەخۆشخانە گیانی سپاردووە. هەروەها 12 کەس بریندار بوون و لەژێر چاودێری پزیشکیدان."

سەرۆکی شارەوانی سالامانکا، گوتیشی: تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی گشتی دەستبەجێ گەیشتنە شوێنەکە بۆ هاوکاری برینداران. پاشان بە هەماهەنگی لەگەڵ پاسەوانی نیشتمانی و هێزەکانی ئاسایشی گشتیی ویلایەتی 'گوناخواتۆ' ئۆپەراسیۆنێکیان بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی تاوانەکە دەست پێکردووە.

ویلایەتی گوناخواتۆ، سەرباری بوونی چەندان گرووپی چەکداریی دەرەوەی یاسا، یەکێکە لە ناوچە گەشتیارییەکانی مەکسیک و ساڵانە ژمارەیەکی زۆر گەشتیار لە وڵاتانی جیهانەوە سەردانی دەکەن. ئەم ڕووداوە، وەک زەبرێک لە کەرتی گەشتیاریی مەکسیک لە قەڵەم دەدرێت.