رووسیا هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە دەگوازێتەوە سەر سنووری سووریا
رووسیا هێزەکانی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە دەکشێنێتەوە و دەگوازێتەوە ژمارەیەک بنکەی سەربازیی سەر سنووری سووریا.
دیلان بارزان، نێردراوی کوردستان24 بۆ رۆژئاوای کوردستان، رایگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە هێزەکانی رووسیا دەستیان بە کشانەوە لە فڕۆکەخانەی قامشلۆ کردووە. پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، ژمارەیەک تانک و ئۆتۆمبێلی سەربازیی دیکەیان گواستووەتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی نێردراوی کوردستان24، سەرباز، ئۆتۆمبێل و کەلوپەلی سەربازی لە فڕۆکەخانەی قامشلۆوە بۆ بنکە سەربازییەکانی رووسیا لە "لازقیە"ـی سەر سنووری سووریا دەگوازرێنەوە.
رووسیا لە ساڵی 2019ـەوە فڕۆکەخانەی قامشلۆی بۆ چاودێریکردنی باکووری رۆژهەڵاتی سووریا و رووبەرووبوونەوەی تیرۆریستانی داعش بەکار دەهێنا.
ئەم گۆڕانکارییانە لە کاتێکدان کە ئاگربەستێکی ناسەقامگیر لەنێوان هەسەدە و حکوومەتی سووریادا هەیە. کۆمیسیۆنی باڵای پەنابەرانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (UNHCR) رایگەیاندووە، بەهۆی ئەم گرژییانەوە، دەیان هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون.