سەرۆک بارزانی لە ساڵیادی تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ: سەركەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریكیدا

لە ساڵیادی تێکشکاندنی داعش لە کۆبانێ، سەرۆک بارزانی سڵاو بۆ پێشمەرگە و شەڕڤانان دەنێرێت و دەڵێت، سەرکەوتنەکە  "سەركەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریكیدا."

ئەمڕۆ دووشەممە، 26ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرۆک بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی 'ئێکس' پەیامێکی بەبۆنەی 11ـەمین ساڵیادی تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعش لە شاری کۆبانێ، بڵاوکردەوە. 

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانیدا هاتووە "لە یازدەهەمین ساڵیادی تێكشكاندنی تیرۆریستان لە كۆبانێدا، سڵاو بۆ شەڕڤان و پێشمەرگە قارەمانەكان دەنێرین كە بە پشتیوانیی هاوپەیمانان لە بەرگرییەكی قارەمانانەدا ڕێگەیان نەدا كۆبانێ بكەوێتە دەست تیرۆریستانی داعش و سەركەوتنێكی گەورەیان لە مێژووی گەلی كورد تۆمار كرد."

سەرۆک بارزانی جەختی کردووەتەوە "ئەو سەركەوتنە، سەركەوتنی هەموو گەلی كوردستان بوو، سەركەوتنی مرۆڤایەتی بوو بەسەر تیرۆر و تاریكیدا."

 

 
 
 
 
 
 
 

شەڕی کۆبانێ، کە لە 13ـی ئەیلوولی 2014 دەستی پێکرد و لە 26ـی کانوونی دووەمی 2015 بە رزگارکردنی شارەکە کۆتایی هات، وەک خاڵێکی وەرچەرخانی گرنگ لە مێژووی شەڕی دژ بە رێکخراوی تیرۆریستی داعش دادەنرێت. ئەم بەرگرییە 134 رۆژییە، کۆبانێی کردە هێمایەکی جیهانیی بەرخودان و یەکڕیزیی کورد.

لەکاتێکدا شەڕڤانانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و یەکینەکانی پاراستنی ژنان (یەپەژە) بە چەکی سووکەوە بەرگرییەکی سەختیان دەکرد، گەیشتنی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بە چەکی قورسەوە هاوکێشەی شەڕەکەی گۆڕی.

 بە فەرمانی سەرۆک بارزانی و رەزامەندیی پەرلەمانی کوردستان، هێزێکی پێشمەرگە لە رۆژی 30ـی تشرینی یەکەمی 2014، لە رێگەی خاکی تورکیاوە گەیشتنە کۆبانێ و بوونە هێزێکی پشتیوانیی کاریگەر بۆ شەڕڤانان. هاوکات، هێرشە ئاسمانییەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان بە سەرۆکایەتیی ئەمریکا، رۆڵێکی یەکلاکەرەوەی لە لاوازکردنی تواناکانی داعش و ئاسانکردنی پێشڕەویی هێزە کوردییەکاندا هەبوو.

بۆ داعش، کۆنترۆڵکردنی کۆبانێ گرنگییەکی ستراتیژیی هەبوو بۆ بەستنەوەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە سووریا. لەدەستدانی شارەکە یەکەمین شکستی گەورەی ئەو رێکخراوە بوو لەدوای راگەیاندنی (خەلافەت)ەکەی. لەلایەکی دیکەوە، سەرکەوتن لە کۆبانێ ورەیەکی بەرزی بە گەلی کورد و هەموو ئەو هێزانە بەخشی کە لە دژی تیرۆر دەجەنگان. ئەم شەڕە هەروەها بووە بناغەی دامەزراندنی هاوپەیمانییەتییەکی بەهێز لەنێوان هێزە کوردییەکان و هاوپەیماناندا، کە دواتر بووە هۆی رزگارکردنی ناوچە بەرفراوانەکانی دیکەی وەک رەققە و منبج.

کۆبانێ بووە نموونەی بەرچاوی یەکگرتوویی کورد لە بەرامبەر دوژمنێکی هاوبەشدا و سەلماندی کە ئیرادەی گەلانی ئازادیخواز دەتوانێت بەسەر تاریکترین هێزەکاندا سەربکەوێت.