جوولەكه‌كان له‌ هه‌ولێر یادی جه‌ژنی رۆناهی ده‌كه‌نه‌وه‌

جەژنی رۆناھی بە مانای سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا دێت

K24 – ھەولێر: 

لە شاری ھەولێر یادی جەژنی رۆناھی جوولەكە كرایەوە  لەو چالاكییەكدا، پێكھاتە و ئایینە جیاوازەكانی كوردستان بەشداریان تێدا كرد. ئامادەبووان ورایانگەیاند، ھەرێمی كوردستان بووەتە ماڵێكی ئارام لە رۆژھەڵاتی ناوەڕاست بۆ ئایینە جیاوازەكان و بە نموونەیەكی دەگمەنیان وەسفكرد. بە گوتەی سەرپەرشتیارانی چالاكییەكە سەدان ساڵە ئایین و پێكھاتە جیاوازەكان لەسەر خاكی كوردستان بە ئاشتی و ئارامی دەژین و بەردەوامیش ھەوڵی پاراستنی دەدەن.

جەژنی رۆناھی جەژنێكی جوولەكەكانە، رەنج جوولەكەیە و دانیشتوی ھەرێمی کوردستانە و بە جلی کوردییەوە خۆی ئامادەکردووە جەژنە پیرۆزە بکات.

ئەو پێیواییە ئەم خاکە سەدان ساڵە نەتەوەکان و ئایینە جیاوازەكانی پاراستووە لەبەر ئەوە كوردستان بووەتە لانەیەکی پارێزراو بۆ ھەموو ئایین و نەتەوەکان كە تێیدا ھەست بە ئارامی دەكەن.

لەم ھۆڵە موسوڵمان و کریستیان و جوولەکە و کاکەیی و زۆربەی ئایینەكان کۆبوونەتەوە تا جەژنی رۆناھی پیرۆز بکەن، ھەندێك لە وەزیرەكانی حكوومەتی ھەرێمی كوردستانیش ئامادە بوونە.

ئانۆ جەوھەر، وەزیری گواستنەوە و گەیاندن لە پێكھاتەی كریستانەكان گوتی: ئەوەی شانازی پێوە دەکەین لە ھەرێمی كوردستان، پێکەوە ژیان و ئەو ئارامیەیە؛ کە بۆ تەواوی پێکھاتەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە.

ئایدن مەعروف، وەزیری ھەرێم بۆ کاروباری پێکھاتەکان، لە پێکھاتەی تورکمان گوتی: ئەو دەرفەتەی لە ھەرێمی کوردستان بە پێکھاتەکان دراوە لە ھیچ وڵاتێکی دەوروبەر نییە.

جەژنی رۆناھی بە مانای سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا دێت و ئەم جەژنەش سەرجەم پێکھاتەکانی کۆکردەوە، بەو مانایەیە بۆ ھەمیشە ھەرێمی کوردستان شوێنی پێکەوە ژیان و یەکتر قوبوڵکردن دەبێت.