واشنتن پشتیوانی راكێشانی ھێڵی بۆری غازی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست دەكات بۆ ئەوروپا

یۆنان خواستی رۆڵێكی سەرەكیی ھەیە لە ھەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی وزەی ئەوروپا

وەبەرھێنانی غاز لە دەریادا
وەبەرھێنانی غاز لە دەریادا

K24 – ھەولێر:

وەزیری وزەی ئەمەریكا، دان برۆیلیت، ئەمڕۆ پێنجشەممە، رایگەیاند، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا پشتیوانی راكێشانی ھێڵی بۆڕی غاز لە ژێر دەریادا دەكات بۆ گەیاندنی غازی سروشتی لە رۆژھەڵاتی ناوه‌ڕاستەوە بۆ ئەوروپا.

یۆنان، قوبرس و ئیسرائیل گەیشتنە رێككەوتن سەبارەت بە راكێشانی ھێڵی بۆری "ئیستمید"، كە بۆ چەندین ساڵ پلاندانانی بۆ دەكرا.

ھەرسێ دەوڵەت خواستی گەیشتنیان ھەیە بە بڕیارێك بۆ دواییھێنان بە وەبەرھێنان لەگەڵ ساڵی 2022 و كۆتایھێنان بە راكێشانی ھێڵی بۆری، كە تێچووی شەش ملیار یۆرۆیە (6.86 ملیار دۆلار) لەگەڵ ساڵی 2025 بۆ بەشداریكردن لە ھەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی ئەوروپا لە وزە.

برۆیلیت لە ئەسینا بە رۆژنامەنووسانی گوت: "بەردەوام دەبین لە كاركردن لەگەڵ ئیسرائیل و یۆنان و لایەنەكانی دیكەی بایەخدەر بەم بابەتە، كە ببێتە مایە درووستكردنی ژێرخان".

گووتیشی: "ھێشتا لە لایەن كەرتی تایبەت و حكومەتەكانی ناوچەكە بایەخێكی گەورە ھەیە بۆ درووستكردنی ژێرخان بەخێراترین شێوە".

یۆنان خواستی رۆڵێكی سەرەكیی ھەیە لە ھەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی وزەی ئەوروپا، لە جیاتی پشتبەستن بە رووسیا و ئەو ئامانجەی ئەسینا لە لایەن واشنتنەوە پشتیوانییەكی زۆری لێدەكرێت.

سەرچاوە: "رۆیتەرز"