ئەمریکا بۆ ئاوەدانکردنەوەی غەززە مەرجی هەیە
بەرپرسێکی ئەمریکی بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاندووە؛ سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بە وردی چاودێری هەموو وردەکارییەکانی پەیوەست بە ڕێککەوتنی غەززە دەکات.
بەگوێرەی زانیارییەکانی ئاژانسی ڕۆیتەرز واشنتن چەند مەرج و هەنگاوێکی نوێی بۆ داهاتووی کەرتی غەززە دیاری کردووە.
مەرجەکانی ئەمریکا؛
بەرپرسانی ئەمریکا جەخت دەکەنەوە دۆناڵد ترەمپ و بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، تەواو هاوڕان لەسەر ئەوەی کە هیچ پرۆسەیەکی ئاوەدانکردنەوە لە غەززە دەست پێناکات تا ئەو کاتەی بزووتنەوەی حەماس بە تەواوی چەک دانەماڵرێت و هەڵنەوەشێنرێتەوە.
واشنتن ئاشکرای کردووە؛ پاڵپشتی لە پێکهێنانی حکوومەتێکی تەکنۆکرات لە غەززە دەکات، بە ئامانجی دەستەبەرکردنی سەرکەوتن و بەڕێوەبردنی کاروباری ناوچەکە، وەک ئەوەی کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی بڵاویکردووەتەوە.
سەبارەت بە دەروازەی ڕەفەح، بڕیار دراوە بە هەماهەنگییەکی ئەمنیی سێ قۆڵی لە نێوان (ئەمریکا، میسر و ئیسرائیل) بکرێتەوە. ئەم دۆخە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی هێزێکی پۆلیسی فەڵەستینیی سەربەخۆ پێکدەهێنرێت کە توانای گرتنەئەستۆی بەرپرسیارێتییە ئەمنییەکانی هەبێت.