له‌ دێرزوور داعش هێرشیكرده‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا

چه‌كدارانی سه‌ر به‌ رێكخراوی "داعش" هێرشیان كرده‌ سه‌ر ده‌وروبه‌ری بنكه‌ی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی "العمر"ی سووریا.

چه‌كدارانی داعش
چه‌كدارانی داعش

K24 – هه‌ولێر:

چه‌كدارانی سه‌ر به‌ رێكخراوی "داعش" هێرشیان كرده‌ سه‌ر ده‌وروبه‌ری بنكه‌ی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتی "العمر"ی سووریا.

روانگه‌ی سووریا بۆ مافه‌كانی مرۆڤ، كه‌ نووسینگه‌ی سه‌ره‌كی له‌ "له‌نده‌ن"ه‌ و چاودێری ره‌وشی سووریا ده‌كات، بڵاویكرده‌وه‌، شانه‌كانی رێكخستنی "ده‌وڵه‌تی ئیسلامی" ناسراو به‌ "داعش" له‌ گۆڕستانی شاره‌دێی "ذیبان"ی نزیك "دێرزوور" ژماره‌یه‌ك مووشه‌ك و تۆپیان ئاراسته‌ی بنكه‌ی سه‌ربازی سوپای ئه‌مه‌ریكا له‌ كێڵگه‌ی نه‌وتیی "العمر" كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوی روانگه‌كه‌، هه‌ریه‌ك له‌ هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا و هێزه‌كانی سووریای دیموكرات به‌ چه‌كی مامناوه‌ند و قورس، سه‌رچاوه‌ی هێرشه‌كه‌یان بۆردومان كردووه‌.

له‌ خۆرهه‌ڵاتی رووباری فورات، چه‌كداره‌ په‌ڕاگه‌نده‌بووه‌كانی داعش خۆیان رێكخستووه‌ته‌وه‌ و رۆژانه‌ هێرش ده‌كه‌نه‌ سه‌ر  هێزه‌كانی سووریای دیموكرات و كاروانه‌كانی سوپای ئه‌مه‌ریكا.