شێروان دووبەردانی: پۆستی سەرۆککۆمار پشکی کوردە نەک لایەنێکی سیاسی

بەهۆی ئەوەی لایەنە کوردییەکان لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەگەیشتوونەتە ئەنجام، داوای دواخستنی دانیشتنی پەرلەمانی عێراق دەکرێت تا دەرفەتی زیاتر بۆ گفتوگۆ هەبێت.

ئەمرۆ سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەمی 2026، سروە محەممەد، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ـی راگەیاند، تا ئێستا هیچ ڕێککەوتنێک لەسەر پۆستی سەرۆککۆمار نەکراوە، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش داوای دواخستنی کۆبوونەوەی پەرلەمان کراوە.

لەلایەکی دیکەوە ئەشواق جاف، ئەندامی پەرلەمانی عێراق گوتی، داواکارییەکە بۆ ئەوەیە وەک دەرفەتێک کاتی زیاتر هەبێت بۆ لێکتێگەیشتن.

هاوکات شێروان دووبەردانی، باسی لەوەکرد، دۆخی هەستیاری ناوچەکە وا دەخوازێت پۆستی سەرۆککۆمار بە خێرایی یەکلایی بکرێتەوە.
دووبەردانی جەختیشی کردەوە، "پۆستی سەرۆک کۆمار پشکی کوردە، نەک پشکی لایەنێکی سیاسیی دیاریکراو".

ئەمە لەکاتێکدایە ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند، کەمێک پێش ئێستا زەنگی چوونە ژوورەوەی پەرلەمانتاران لێدرا بۆ ئەوەی دانیشتنی تایبەت بە هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار دەست پێبکات. 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کەمێک پێش ئێستا راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە، کە تێێدا هاتووە، فراکسیۆنی پارتی و یەکێتی داوایان کردووە دانیشتنی ئەمڕۆ دوابخرێت.

ماوەی یاسایی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بەپێی دەستوور سبەی چوارشەممە، کاتژمێر 12 کۆتایی دێت. بۆیە ئەگەر ئەمڕۆ دانیشتنەکە بکرێت و بەڵام رێژەیی یاسایی تەواو نەبێت، ئەوە کۆبوونەوەکە دوادەخرێت، ئاماژەی بەوەشدا، بەپێی زانیارییەکان رێککەوتن کراوە دانیشتنی ئەمڕۆ بۆ کاتێکی نادیار دوابخرێت.

گوتیشی: فراکسیۆنی چوارچێوەی هەماهەنگی بڕیاریانداوە بەشێک لە پەرلەمانتارانیان بچنە ژوورەوە بەشەکەی دیکە نەچنە ژوورەوە، بەڵام فراکسیۆنەکانی پارتی و یەکێتی بەشداری دانیشتنەکە ناکەن. بۆ ئەوەی دانیشتنەکە دوابخرێت و رێککەوتنێک بکرێت.