ئازەربایجان هێرشێکی تیرۆریستی بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل پووچەڵکردەوە
دەزگا ئەمنییەکانی کۆماری ئازەربایجان ڕایانگەیاند، توانراوە پیلانێکی مەترسیدار بۆ سەر باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باکۆ پووچەڵ بکرێتەوە و سێ تۆمەتباریش لەو پەیوەندییەدا دەستگیر کراون.
بەگوێرەی سەرچاوە ئەمنییەکان، ئەو سێ کەسەی دەستگیرکراون پەیوەندییان بە ڕێکخراوی "داعشی خۆراسان" (ISIS-K) هەبووە و خەریکی داڕشتنی پلانی کۆتایی بوون بۆ ئەنجامدانی هێرشێکی چەکداری.
ڕاشیگەیاندووە؛ تۆمەتبارەکان لە نزیک باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئیسرائیل لە باکۆ دەستگیرکراون. هەروەها بڕێکی زۆر چەک و تەقەمەنی لە لای تۆمەتبارەکان دۆزراوەتەوە و ئامادەکارییەکان گەیشتبوونە قۆناغی جێبەجێکردن. ئەم دەستگیرکردنە تەنیا 24 کاتژمێر دوای سەردانە فەرمییەکەی جەدعۆن ساعیر"وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل بۆ باکۆ دێت.
ئەم هێرشە پووچەڵکراوەیە لە کاتێکدایە کە هەماهەنگییە ئەمنییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئازەربایجان لە بەرزترین ئاستدایە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشە دەرەکییەکان.