دادگایەکی مۆسکۆ بە هەڵە نهێنیی نوقمبوونی کەشتیی مۆسکڤا ئاشکرا دەکات

کەشتیی جەنگیی مۆسکڤا
کەشتیی جەنگیی مۆسکڤا

دوای چەندان ساڵ لە نکۆڵیکردن، رووسیا دان بەوەدا دەنێت کە ئۆکرانیا کەشتییەکی جەنگیی گەورەی هێزی دەریایی وڵاتەکەی نوقم کردووە.

سێشەممە، 27ـی کانوونی دووەم 2026، رۆژنامەی (مۆرغن)ی بەلجیکی لە هەواڵێکدا بڵاوی کردووەتەوە "ساڵی 2022، ئۆکرانیا، کەشتییە جەنگییە گرنگەکەی رووسیا، 'مۆسکڤا'ی نوقم کردووە. بۆ ماوەی چەند ساڵێک کرێملین (کۆشکی سەرۆکایەتیی رووسیا) ئەمەی رەت دەکردەوە، بەڵام هەفتەی رابردوو دادگەیەکی سەربازی لە مۆسکۆ، بە هەڵە دانی بەم راستییەدا ناوە، ئەوەش بەپێی هەواڵێکی "میدیازۆنا" کە پێگەیەکی میدیایی سەربەخۆی ڕووسییە.

'مۆسکڤا' کەشتیی سەرەکی (ئاڵاهەڵگر)ی هێزی دەریایی رووسیا بوو لە دەریای رەش، لە نیسانی 2022دا لە دووری نزیکەی 90 کیلۆمەتر لە کەناراوەکانی ئۆکرانیاوە نوقم بوو، ئۆکرانیا بەرپرسیارێتی ئەوەی لە ئەستۆ گرت. 

کیێڤ بە فەرمی رایگەیاند "دوو مووشەکی دژەکەشتیی جۆری 'نێپتون'ی  بۆ نوقمکردنی مۆسکڤا بەکار هێناوە. بەڵام راگەیەنراوە سەربازیی و فەرمییەکانی ڕووسیا بەردەوام دەیانگوت "لەبەر  گرفتێکی تەکنیکی، ئاگر لە کەشتییەکە کەوتووەتەوە و دواتر دەبوایە بۆ بەندەرێکی نزیک رابکێشرێت، بەڵام بەهۆی زریانێکی گەورەوە پرۆسەی راکێشانەکە شکست دەهێنێت و کەشتییەکە نوقم دەبێت."

هەفتەی رابردوو، دادگایەکی سەربازی لە مۆسکۆ، بەبێ مەبەست، گێڕانەوە فەرمییەکەی کرێملینی راست کردەوە. دادگەکە، بڕیاری حوکمدانی فەرماندەیەکی هێزی دەریایی ئۆکرانیا بڵاو کردەوە، کە فەرمانی هێرشکردنە سەر 'مۆسکڤا' و چەند ئامانجێکی دەریایی دیکەی دابوو. فەرماندەکە بە ئامادەنەبوونی خۆی (غیابی) حوکمی زیندانی هەتاهەتایی بەسەردا سەپێنراوە.

 لە بڕیارەکەدا ئەوەش نووسراوە "20 ئەندامی تیمی کەشتییەکە گیانیان لەدەستداوە، 24 کەس بریندار بوون و 8 کەسیش تا ئێستا بزرن."

 کەمێک دوای نوقمبوونی مۆسکڤا، دەسەڵاتدارانی رووسیا رایانگەیاند، تەنیا یەک ئەندامی تیمەکە گیانی لەدەست داوە و 27 کەس بزربوونە. بە گوێرەی قسەی کەسوکاری قوربانیانی کەشتییە نوقمکراوەکە، ژمارەی قوربانییەکان لەوەی بە فەرمی راگەیەنراوە، زیاترە.

هەرچەند بریارەکەی دادگە سەربازییەکە پاش ماوەیەکی کورت سڕێنرایەوە، بەڵام پێش سڕانەوەی کەوتووتە بەردەستی پێگەی هەواڵیی 'میدیازۆنا'.