قوباد تاڵه‌بانی: نه‌گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن و به شكست ناگه‌ڕێینه‌وه
نه‌گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن و به شكست ناگه‌ڕێینه‌وه

K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكی شاندی دانووستانكاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، قوباد تاڵه‌بانی، له میانی به‌شداریكردنی له به‌رنامه‌یه‌كی كه‌ناڵی ئاسمانی "دجله" رایگه‌یاند، تا ئێستا هیچ رێككه‌وتنێكمان نه‌كردووه و گه‌یشتووینه‌ته تێگه‌یشتنی باش و گه‌شبینیم به‌وه‌ی به بێ رێككه‌وتن ناگه‌ڕێینه‌وه.
قوباد تاڵه‌بانی، كه به سه‌رۆكایه‌تی شانده‌كه‌ی، ئه‌مڕۆ ده‌یه‌مین رۆژه له شاری به‌غدایه و به‌رده‌وامه له دانووستانه‌كانی له‌گه‌ڵ لایه‌نه ره‌سمی و سیاسییه‌كانی عێراق، له به‌رنامه‌كه‌دا روونیكرده‌وه، سه‌ردانی ئه‌مجاره‌یان تایبه‌ته به پرسی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه.
هه‌روه‌ها گوتی: ئێمه به گوێره‌ی یاساكه، ئه‌رك و مافمان هه‌یه و لێمان داوا كراوه، داهاتی نه‌وتی و نا نه‌وتی راده‌ست بكه‌ین و له به‌رامبه‌ریشدا گفتوگۆ له‌سه‌ر پشكی خۆمان ده‌كه‌ین له بودجه‌كه‌دا.
گوتیشی: هه‌ولێر و به‌غدا ته‌نیا كێشه‌ی مووچه و بودجه‌یان نییه، به‌ڵكو كێشه‌ی ده‌ستوور و یاسای نه‌وت و غاز و پێشمه‌رگه و مادده‌ی 140 به هه‌ڵپه‌سێردراوی له نێوان هه‌ردوولادا هه‌ن و تا ئێستا چاره‌سه‌ر نه‌كراون.
له باره‌ی كه‌شی دانووستانی ئه‌مجاره‌یانه‌وه، قوباد تاڵه‌بانی ئه‌وه‌ی دركاند، به‌راورد به دانووستانه‌كانی كۆتایی (2019)، ئه‌مجاره هه‌ست به بوونی تێگه‌یشتن له لای لایه‌نه عێراقییه‌كان ناكات.
تاڵه‌بانی، باسی له‌وه‌شكرد، كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا كێشه‌ی سیاسین و په‌یوه‌ندیان به بۆچوونی سیاسی و ده‌ستووری و یاساییه‌وه هه‌یه و نابێت شۆڕ بكرێنه‌وه بۆ ئاستی میللی و تاكی كورد هیچ كێشه‌یه‌كی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بدا نییه.
جه‌ختیكرده‌وه، هه‌رێمی كوردستان هیچ كاتێك هۆكاری دواكه‌وتنی به‌شه‌كانی دیكه‌ی عێراق نه‌بووه. به پێچه‌وانه‌وه، كورد پێی خۆشه هه‌موو به‌شه‌كانی عێراق پێشبكه‌ون و گه‌شه بكه‌ن.
هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه زیاتر دوا و گوتی: ئه‌و بودجه‌یه‌ی له (2014)ـه‌وه بڕاوه و نه‌نێردراوه بۆ هه‌رێمی كوردستان له كوێ كاری پێكراوه و چ پڕۆژه‌یه‌كی بۆ ناسرییه و به‌سره پێ كراوه بۆ ئه‌وه‌ی ئێمه‌ش بڵێین ده‌ستان خۆش و هه‌قه خه‌ڵكی عێراق پرسیار بكات، ئه‌و پاره‌یه بۆ كوێ رۆیشتووه و له چیدا خه‌رج كراوه، خۆ ئه‌وه‌تا نه‌یان ناردووه بۆ هه‌رێمی كوردستان. هه‌قه نوێنه‌ره‌كانیان له ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران به‌دواداچوون بۆ ئه‌و پرسه بكه‌ن.
سه‌رۆكی شاندی دانووستانكاری هه‌رێم، ئاشكراشیكرد، ئێستا فشاری سیاسی زۆر هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ی گه‌شه و پێشكه‌وتنی هه‌رێمی كوردستان بوه‌ستێنرێت و هه‌ر ئه‌وه‌ش رێگره له‌به‌رده‌م چاره‌سه‌ری كێشه‌كان.
له باره‌ی عێراقیشه‌وه، قوباد تاڵه‌بانی گوتی: ئێمه به‌شێكی گرنگ و بنه‌ڕه‌تی و كاریگه‌رین له عێراق و له زاخۆوه تا به‌سره حه‌ز به گه‌شه‌كردنی عێراق و به‌هێزبوونی پێگه‌ی له ناو كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین.
گوتیشی: پێمان خۆشه عێراق به‌هێز بێت و بتوانێت پێگه‌یه‌كی باشتر و به‌هێزی هه‌بێت و زۆرترین وه‌به‌رهێنه‌ری بیانی رابكێشێته وڵاته‌كه‌یه‌وه و به دڵنیاییه‌وه عێراقی به‌هێز له به‌رژه‌وه‌ندی و سوودی هه‌رێمی كوردستانه.
له به‌شێكی دیكه‌ی قسه‌كانیدا، قوباد تاڵه‌بانی گوتی: پێویسته ئێمه كار بكه‌ین، هه‌ولێر و به‌غدا سوود له لایه‌نه باشه‌كانی یه‌كدی وه‌ربگرن، بۆ نموونه ئێمه سیستمی بایۆمه‌تریمان خسته‌كار و زۆر بندیوارمان چاره‌سه‌ر كرد و حكومه‌تی به‌غداش بڕیاری باشی له بواری به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی ده‌ركردووه و ده‌كرێت سوود له ئه‌زموونی یه‌كتر وه‌ربگرین.
جه‌ختیكرده‌وه، ناكرێت هه‌موو شتێك به سیاسی بكرێت. قه‌یران و كێشه‌ی گه‌وره‌ی عێراق، ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ته. ئه‌گه‌ر هه‌موو شتێك به سیاسی بكه‌ین، هیچ چاره‌سه‌ر ناكه‌ین، گرنگه به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین و پشتیوانی وه‌به‌رهێنانی ده‌ره‌كی بكه‌ین.
سه‌باره‌ت به پێگه‌ی كوردیش له عێراق، قوباد تاڵه‌بانی گوتی: ره‌نگه كه‌موكورتیمان هه‌بووبێت و وه‌ك پێویست له رابردوودا پێشكه‌وتن و گه‌شه‌كردنی عێراق بۆمان گرنگ نه‌بووبێت، به‌ڵام ئێمه ئێستا ئه‌و بڕوایه‌مان نییه و زۆر به بایه‌خه‌وه بۆ ئه‌و پرسه ده‌ڕوانین و له (10ی ته‌مموز/ یۆلیۆی 2019)، سوێندی یاساییمان خوارد، وه‌ك كابینه‌ی نۆیه‌م، یه‌كه‌م كارمان سه‌ردانی به‌غدا بوو، ئه‌و كات ئێمه نه‌چووینه ئه‌نقه‌ره و تاران و واشنتن و روومانكرده به‌غدا و وتمان به‌غدا قووڵایی ستراتیژی ئێمه‌یه.
ئاشكراشیكرد، له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان تا ئێستا نه‌گه‌یشتوونه‌ته رێككه‌وتن، به‌ڵام كاتێك سه‌ردانی نوێنه‌رانیان كردووه، جه‌خت له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه كراوه‌ته‌وه و ئه‌مه‌ش ده‌ستی حكومه‌تی ئاوه‌ڵاتر كردووه بۆ ئه‌وه‌ی بێته پێشه‌وه و هه‌ردوولا ئه‌و تێگه‌یشتنه هاوبه‌شانه‌ی درووست بوون بكه‌ینه رێككه‌وتن، به‌ڵام له ئێستادا هیچ رێككه‌وتنێك نه‌كراوه و له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گه‌شبینم و به شكست ناگه‌ڕێینه‌وه هه‌رێمی كوردستان.
سه‌باره‌ت به پێگه‌ی به‌رهه‌م ئه‌حمه‌د ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، قوباد تاڵه‌بانی گوتی: بێگومان ئه‌و له سۆنگه‌ی ئه‌رك و ده‌سه‌ڵاتی ده‌ستووری خۆیه‌وه كاری كردووه و خه‌مخۆری هه‌موو لایه‌ك بووه و هه‌وڵی چڕی خستووه‌ته‌گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ردوولامان له‌یه‌كدی نزیك بكاته‌وه و بێگومان كه‌سیش بێ كه‌موكورتی نییه.
سه‌باره‌ت به سه‌ردانی شاندێكی سیاسی هه‌رێمی كوردستان بۆ به‌غدا، قوباد تاڵه‌بانی روونیكرده‌وه، له كۆبوونه‌وه‌ی پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان له سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم، بڕیار دراوه، شاندێك به سه‌رۆكایه‌تی "نێچیرڤان بارزانی" سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاتوو له ئه‌ندامانی باڵای پارتی و یه‌كێتی و گۆڕان بۆ پشتیوانی سیاسی شاندی دانووستانكاری هه‌رێم و به‌هێزكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و لایه‌نه سیاسییه عێراقییه‌كان سه‌ردانی به‌غدا بكات و ئه‌و شانده واده‌ی سه‌ردانه‌كه‌ی دیاری نه‌كراوه، به‌ڵام بێگومان سه‌ردانی به‌غدا ده‌كات.