ناتانیاهۆ ئیدارەی بایدن بە کوژرانی سەربازانی ئیسرائیل تۆمەتبار دەکات
بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، هێرشی کردە سەر ئیدارەی جۆو بایدن و رایدەگەیەنێت، بەهۆی گەمارۆی چەک و سنووردارکردنی ناردنی تەقەمەنی لەلایەن ئەمریکاوە، ژمارەیەک لە سەربازانی ئیسرائیل لە غەززە کوژراون.
ناتانیاهۆ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: "جەنگاوەرانی ئێمە کەوتن چونکە تەقەمەنی پێویستمان نەبوو، ئەمەش دەرەنجامی ئەو گەمارۆیە بوو کە ئیدارەی بایدن بەسەریدا سەپاندین." ئاماژەی بەوەش کرد، چیتر رێگە نادات ئیسرائیل بکەوێتە دۆخێکی لەو شێوەیە و لە پلانیدایە لە ماوەی 10ساڵی داهاتوودا پیشەسازیی چەکداریی ئیسرائیل بە جۆرێک پەرەپێ بدات کە وڵاتەکەی لە یارمەتییە داراییەکانی ئەمریکا سەربەخۆ بکات.
سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل گەشبینی خۆی بە دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ دەربڕی و گوتی: "واقیعەکە بە شێوەیەکی ریشەیی گۆڕاوە."
ئەم لێدوانانەی ناتانیاهۆ کاردانەوەی توندی بەرپرسانی واشنتنی لێکەوتەوە. تۆم نایدز، باڵیۆزی پێشووی ئەمریکا لە ئیسرائیل، لێدوانەکانی ناتانیاهۆی بە نادروست و نادادپەروەرانە وەسف کرد و جەختی کردەوە؛ بایدن بە نرخێکی سیاسیی گەورە لە ناوخۆی ئەمریکادا پشتیوانیی تەلئەڤیڤی کردووە.
لای خۆشیەوە، ئامۆس هۆچشتاین، نوێنەری پێشووی ئەمریکا، لە پلاتفۆرمی ئێکس بڵاویکردەوە: "ئەمریکا زیاتر لە 20 ملیار دۆلار هاوکاری سەربازیی پێشکەش کردووە و لە ساتی هەرە لاوازدا ئیسرائیلی پاراستووە؛ بۆیە تەنیا وەڵامی قبوڵکراو بۆ ئەم پشتیوانییانە سوپاسگوزارییە، نەک تۆمەتبارکردن."
ئەم گرژییە دیپلۆماسییانە لە کاتێکدایە کە سوپای ئیسرائیل لە ناوخۆدا بەدەست قەیرانی کەمیی هێز و شەڕکەرەوە گرفتارە. فەرماندە سەربازییەکان هۆشداری دەدەن لە دابەزینی ئاستی ئامادەیی سوپا، هاوکات مشتومڕێکی توند لە کنێست (پەرلەمان) بەردەوامە لەسەر یاسای سەربازیی زۆرەملێ و لێخۆشبوونی جووە ئۆرتۆدۆکسەکان لە خزمەتی سەربازی.