ئومێد خۆشناو: زیاتر لە 300 ملیۆن دینار بۆ رۆژئاڤای کوردستان کۆکراوەتەوە

پارێزگاری هەولێر رایدەگەیەنێت، بەهۆی فراوانیی بەشداریی خەڵک و لەسەر داواکاریی بەخشەران، بڕیاردراوە ماوەی کەمپینی کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ رۆژئاڤای کوردستان درێژ بکرێتەوە و ئاشکرای دەکات تا ئێستا دەیان بارهەڵگر خۆراک و کەلوپەل کۆکراونەتەوە.

چوارشەممە، 28ـی کانوونی دووەمی 2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کەناڵی کوردستان24 رایگەیاند، بڕیار دراوە ماوەی کەمپینی "هەولێر" بۆ کۆکردنەوەی کۆمەک و هاوکاری بۆ کوردانی رۆژئاڤای کوردستان تا رۆژی شەممە درێژ بکرێتەوە.

پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوە دا، کە بڕیاری درێژکردنەوەکە لەسەر داواکاریی زۆری هاووڵاتییان و خێرخوازانی سنووری پارێزگای هەولێر بووە، بۆ ئەوەی دەرفەتی زیاتریان هەبێت بەشداری لەم هەڵمەتە نیشتمانی و مرۆییەدا بکەن.

سەبارەت بە کات و شوێنی کۆکردنەوەی هاوکارییەکان، ئومێد خۆشناو روونی کردەوە کە هاووڵاتییان دەتوانن رۆژانە لە کاتژمێر 8:30ـی بەیانی تاوەکوو 12:00ـی شەو، سەردانی بەردەم "پارکی شانەدەر" بکەن. لەوێ تیمەکانی پارێزگای هەولێر و دەزگای خێرخوازیی بارزانی ئامادەکاریی تەواویان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە بەخشەران و وەرگرتنی هاوکارییەکان.

لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، پارێزگاری هەولێر ئاماری ئەو هاوکارییانەی خستەڕوو کە تا ئێستا کۆکراونەتەوە و گوتی: "تا ئێستا زیاتر لە 65 بارهەڵگر پڕ لە خۆراک و کەلوپەلی پێویست ئامادە کراون، هەروەها بڕی پارەی کۆکراوە لە سندوقەکانی نێو کەمپینەکەدا 300 ملیۆن دیناری تێپەڕاندووە."

ئومێد خۆشناو ئەوەشی خستەڕوو کە ئەم ئامارانە تەنیا هی بەشداربووانی مەیدانیی کەمپینەکەن، جیا لەو بەخشینە گەورە و راستەوخۆیانەی کە لەلایەن دەستەی وەبەرهێنان و بازرگان و سەرمایەدارانی شارەکەوە پێشکەش کراون بۆ پاڵپشتیکردنی خوشک و برایانیان لە رۆژئاڤای کوردستان.