نەتەوە یەکگرتووەکان: زیاتر لە 170 هەزار کەس لە باکووری رۆژهەڵاتی سووریا ئاوارە بوون

چوارشەممە 28ی کانوونی دووەمی 2026، نووسینگەی کاروباری مرۆیی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان (OCHA) لە نوێترین ڕاپۆرتیدا ئاشکرای کرد، بەهۆی گرژی و ئاڵۆزییەکانی ئەم دواییەی باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریاوە، زیاتر لە 170 هەزار هاووڵاتی ئاوارە بوون.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکە، لە 6ی ئەم مانگەوە، بەهۆی سەرهەڵدانی شەڕ و پێکدادان لەنێوان هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) و سوپای عەرەبیی سووریا لە پارێزگاکانی حەلەب، ڕەققە و حەسەکە، شەپۆلێکی بەرفراوانی ئاوارەبوون ناوچەکەی گرتووەتەوە.

نەتەوە یەکگرتووەکان هۆشداریشی داوە لەبارەی دۆخی مرۆیی لە شاری کۆبانێ و ڕایگەیاندووە: دۆخی مرۆیی لە کۆبانێ زۆر خراپە و ژیانی خەڵک تێیدا سەخت بووە، ئەمەش بەهۆی بەردەوامیی گەمارۆی سەر شارەکە و بڕینی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی وەک کارەبا، ئاو و هێڵەکانی ئینتەرنێت.

سەبارەت بە هەوڵە مرۆییەکان، نەتەوە یەکگرتووەکان جەختی کردووەتەوە، تیمەکانیان بەردەوامن لە گەیاندنی هاوکاری بۆ لێقەوماوان. ئاماژەی بەوەش داوە، لە سەرەتای ئەم مانگەوە توانیویانە پێداویستییەکانی وەک دۆشەک، بەتانی و کەرەستەی گەرمکەرەوە بۆ نزیکەی 450 هەزار کەس دابین بکەن، هەروەها خۆراک و پێداویستی تایبەتیان بۆ 1500 منداڵ دابین کردووە.