دەنگدان لەسەر پڕۆژەبودجەی 2021ـی عێراق دواخرا

کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران، وێنە: نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق

K24 - هەولێر

پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند "دەنگدانی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر پڕۆژە یاسای بودجەی 2021ـی عێراق بۆ سبەی یەکشەممە دواخرا".

شڤان جەباری، پەیامنێری کوردستان24 لە بەغدا رایگەیاند؛ لە دوو مانگی رابردوودا ئەمە پێنجەم جارە ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی پڕۆژەیاسای بودجەی 2021 کۆدەبێتەوە و دواتر دوایدەخات، بەڵام کۆبوونەوەی ئەمڕۆ جیاواز بوو، چونکە زیاتر لە پێنج کاتژمێری خایاند.

بەهۆی ئەوەی پرۆژەیاسایەکی بودجە دزەیپێکراوە و لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق کۆبوونەوەیان لەسەر کردووە، کە تێیدا دۆخی شڵۆقی ئابووری بۆ ساڵی داهاتوو دەردەخات، ئەنجوومەنی وەزیران لەژێر فشارێکی زۆردایە.

پێشتر وا بڵاوکرایەوە لە ساڵی 2021 کورتهێنانی بودجە 40 تریلیۆن دینار دەبێت، بەڵام لەو پڕۆژەبودجە دزەپێکراوەدا کورتهێنانی بودجە زیاتر لە 58 تریلیۆن دینارە، ئەمەش بازاڕی شڵەژاندووە.