هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە جەخت لە سەروەریی عێراق و ئیرادەی گەل دەکاتەوە

هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، کە بەشێکە لە چوارچێوەی هەماهەنگی، لە راگەیەندراوێکدا وێڕای جەختکردنەوە لەسەر مافی دەستووریی خۆیان بۆ پێکهێنانی حکوومەت، داوای پەیوەندیی هاوسەنگ لەگەڵ ئەمریکا دەکەن لەسەر بنەمای رێزگرتن لە سەروەریی عێراق.

چوارشەممە 28ـی کانوونی دووەمی 2026، هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی داوە، وەک گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی و خاوەن مافی دەستووری، بەرپرسیارێتیی دیاریکردنی کاندیدی شیاویان لە ئەستۆیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی قەیرانەکان.

هاوپەیمانییەکە روونیشی کردووەتەوە، پێکهێنانی حکوومەت پرسێکی نیشتمانیی عێراقییە و لە ئیرادەی گەل و ئەنجامی هەڵبژاردنەکانەوە سەرچاوە دەگرێت، دوور لە دەستوەردان.

سەبارەت بە پەیوەندییە دەرەکییەکان، هاوپەیمانییەکە ئاماژەی بەوە داوە: بڕوامان بە دروستکردنی پەیوەندیی ئەرێنی و هاوسەنگ هەیە لەگەڵ وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان، بە تایبەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بەڵام دەبێت ئەو پەیوەندییە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوولایەنە بۆ سەروەریی نیشتمانی و پرۆسەی دیموکراسی بێت.

لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، لە سایەی ئەو دۆخە هەستیارەی ناوچەکە پیایدا تێدەپەڕێت، گەلی عێراق چاوەڕوانی حکوومەتێکی نیشتمانییە کە سەروەریی وڵات بپارێزێت و کراوە بێت بە رووی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.