بۆ خۆپاراستن لە پەستانی خوێن؛ خۆت لەم خواردنانە بپارێزە
خواردنە دەستکرد و دەستکاریکراوەکان زۆرجار بڕێکی زۆر لە شەکر، سۆدیۆم و چەورییە گۆڕاوەکانیان تێدایە، ئەمانەش هۆکاری سەرەکین بۆ بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن. بەهۆی ئەوەی بەرزیی پەستانی خوێن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی دڵ و گرفتە تەندروستییەکانی دیکە زیاد دەکات، سیستمی خۆراکی رۆڵێکی سەرەکی لە پاراستن و کۆنتڕۆڵکردنی ئەو حاڵەتەدا دەبینێت.
گرنگترین ئەو خواردنانەی رێنمایی دەدرێت کەم بکرێنەوە ئەمانەن:
ژەمە بەستووەکان
ئەم جۆرە خواردنانە بەوە ناسراون کە رێژەی سۆدیۆمیان زۆر بەرزە. کۆمپانیاکان بڕێکی زۆر خوێیان تێ دەکەن بۆ ئەوەی بۆ ماوەیەکی درێژ بمێننەوە و تامەکەیان خۆش بێت. هەندێک لەم بەرهەمانە 25%ی ئەو بڕە سۆدیۆمەیان تێدایە کە مرۆڤ بۆی هەیە لە رۆژێکدا بیخوات. رێنماییە تەندروستییەکان جەخت دەکەنەوە کە نابێت رۆژانە زیاتر لە 2300 ملیگرام سۆدیۆم وەربگیرێت.
گۆشتە دەستکاریکراوەکان
گۆشتە دەستکاریکراوەکان لە رێگەی زیادکردنی خوێ و بەهارات و ماددە کیمیاییەکانی وەک نیتریت و نیترات دەپارێزرێن. توێژینەوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم پێکهاتانە دەبنە هۆی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و رەنگە مەترسی نەخۆشییەکانی دڵیش زیاد بکەن.
خواردنەوە شیرینەکان
خواردنەوەی وزەبەخش، گازدارەکان و شەربەتە شیرینکراوەکان، سەرچاوەی سەرەکی شەکری زیادکراون. خواردنی زۆری ئەم پێکهاتانە پەیوەندی بە هەوکردن و بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنەوە هەیە. ئامارەکان دەری دەخەن ئەوانەی ئەم خواردنەوانە زۆر بەکاردەهێنن، بە رێژەی 12% زیاتر لە کەسانی ئاسایی مەترسی بەرزبوونەوەی پەستانی خوێنیان لەسەرە.
ژەمە سووکەکان(سناک)
چپسی پەتاتە و شیرینییەکان رێژەیەکی زۆر سۆدیۆم و چەوریی تێریان تێدایە، ئەمەش راستەوخۆ دەبێتە هۆی تێکچوونی چەوریی خوێن و بەرزبوونەوەی پەستانەکەی.
خواردنە خێراکان
ئەم خواردنانە کە لە چێشتخانە خێراکان پێشکەش دەکرێن، دەوڵەمەندن بە سۆدیۆم و چەوری ناتەندروست و شەکر. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە زیادەڕۆیی لە خواردنیاندا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر تەندروستی مرۆڤ.
خواردنە سوورکراوەکان
مریشک و پەتاتەی سوورکراوە سەرچاوەی سەرەکی سۆدیۆم و چەورییە گۆڕاوەکانن. خواردنی ئەم جۆرە خۆراکانە پەیوەندییەکی راستەوخۆی بە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن و قەڵەوییەوە هەیە، بەتایبەت لەنێو خانماندا.
خۆراکی لە قوتوونراو
هەندێک لەو خۆراکانەی لەنێو قوتوودان، رێژەی سۆدیۆمیان زۆر بەرزە. پسپۆڕان رێنمایی دەدەن کە بەر لە بەکارهێنانی ئەو جۆرە خۆراکانە، بە ئاو بشۆردرێنەوە بۆ ئەوەی بڕی خوێیەکەیان کەم ببێتەوە.
ئەو خواردنانەی یارمەتیدەرن بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن:
بۆ پاراستنی تەندروستی و دوورکەوتنەوە لە بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن، رێنمایی دەدرێت ئەم جۆرە خۆراکانە زیاتر بخورێن:
- میوە و سەوزەوات.
- چەرەسات.
- بەرهەمە شیرەمەنییە کەم چەورییەکان.
- ئەو خواردنانەی دەوڵەمەندن بە ریشاڵ و پۆتاسیۆم.