وه‌زیری دارایی عێراق زانیاری نوێ له‌باره‌ی رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا ده‌خاته‌ڕوو
"ئێستا شاندی باڵای هه‌رێم سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمه"

K24- هه‌ولێر:
عه‌لی عه‌للاوی، وه‌زیری دارایی عێراق گوتی: "له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ر بودجه‌ی ساڵی 2021 گه‌یشتووینه‌ته رێككه‌وتن و ئێستا شاندی باڵای حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له به‌غدا سه‌رقاڵی تاوتوێكردنی شایسته داراییه‌كانی هه‌رێمه، له بودجه‌ی ساڵی 2020".
به‌گوته‌ی شڤان جه‌باری، په‌یامنێری كوردستان24 له به‌غدا، ئه‌م گوتانه‌ی وه‌زیری دارایی عێراق، له لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا، بۆ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن هاتوون و ئاشكرایكرد، بودجه‌ی ساڵی 2021 بودجه‌یه‌كی چاكسازییه و هیچ كه‌سێك ناتوانێت نكۆڵی له‌مه بكات، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و سه‌رۆك كوتله سیاسییه‌كان له په‌رله‌مان ئاگاداری ئه‌و ئاراسته‌یه‌ن، كه حكومه‌ت له‌وباره‌یه‌وه گرتوویه‌ته‌به‌ر.
تایبه‌ت به به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی دۆلاریش به‌رامبه‌ر به دیناری عێراقی، عه‌للاوی گوتی: "وه‌زاره‌تی دارایی بۆ هه‌ر دۆلارێك، كه به بانكی ناوه‌ندی ده‌فرۆشێت، نرخه‌كه‌ی به 1450 دینار دیاریكردووه، واتا 100 دۆلاری ئه‌مه‌ریكی به‌رامبه‌ر به 145 هه‌زار دیناری عێراقی جێگیر ده‌كرێت.
سه‌باره‌ت به‌و ده‌نگۆیانه‌ی باس له دزه‌پێكردنی ره‌شنووسی پڕۆژه‌یاسای بودجه‌ی ساڵی 2021 ده‌كه‌ن، كه به‌شێك له میدیا عێراقییه‌كان ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان بڵاوكردبووه‌وه، عه‌لی عه‌للاوی گوتی: "ئه‌و ده‌نگۆیانه بێبنه‌مان و هیچ بنه‌مایه‌كی راستییان نییه".
H.B