ئێلینا ڤاڵتۆنین: پێویستە مافی گشت نەتەوەکان لە سووریا بپارێزرێت

وەزیری دەرەوەی فینلەندا لە رێگەی کوردستان24ـەوە داوای پاراستنی مافی تەواوی پێکهاتە و نەتەوەکانی سووریا دەکات.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 29ـی کانوونی دووەمی 2026، ئێلینا ڤاڵتۆنین، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فینله‌ندا بۆ کوردستان24 گوتی: ئەوپەڕی پشتیوانی لە یەکخستنەوەی تەواو و پاراستنی مافی مرۆڤ دەکەینەوە، بۆ گشت نەتەوە و پێکهاتەکانی سووریا.

هەروەها ژمارەیەک لە ئەندامانی پەرلەمانی یەکێتیی ئەوروپا لە پەیامی جیاوازدا هۆشداری دەدەن لەو دۆخە مەترسیدارەی رووی لە رۆژئاوای کوردستان کردووە و رایدەگەیەنن، بێدەنگبوونی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرانبەر ئەو هێرشانە واتای هاوبەشیکردنە لە تاوان و پێویستە ئەوروپا بەپەلە دەستوەردان بکات بۆ پاراستنی ئەو کوردانەی کە جیهانیان لە داعش پاراست.

جۆناس سیۆستێت، ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا نیگەرانیی خۆی دەربڕی لەوەی کوردانی سووریا لە ژێر هێرشی دڕندانەدان، نەک تەنیا لەلایەن سوپای سووریاوە، بەڵکوو لەلایەن گرووپە جیهادییە توندڕەوەکانیشەوە.

راشیگەیاند: کات کاتی ئاگربەستە، دەبێت هێرشەکان بۆ سەر کورد رابگیرێن و هێزەکان بکشێنەوە و بچنە سەر مێزی دانوستان.

لای خۆیەوە سیسیلییا سترادا، پەرلەمانتاری ئەوروپا جەختی کردەوە، رۆژئاوا جارێکی دیکە گەمارۆ دراوە و دامەزراوەکانی ئەوروپا دەبێت ئێستا جووڵە بکەن.