چوارچێوەی هەماهەنگی لە نێوان "خواستی مالیکی" و "هەڕەشەکەی ترەمپ" بڕیار دەدات
لەژێر سێبەری هۆشدارییە توندەکانی ترمپ و دابەشبوونی ناوخۆیی ماڵی شیعە، بڕیارە سبەی شەممە، سەرکردەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام بدەن. بە پێی زانیارییەکان تەوەرە سەرەکییەکەی کۆبوونەوەکە یەکلاکردنەوەی ناوی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراقە.
بڕیارە سبەی شەممە، 31ـی کانوونی دووەمی 2026، سەرکردە باڵاکانی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ تاوتوێکردنی پرسی پێکهێنانی حکوومەت و دیاریکردنی چارەنووسی کاندیدی سەرۆکوەزیران کۆببنەوە.
بە پێی زانیارییەکان، کۆبوونەوەکە تەنیا بۆ گفتوگۆ نییە، بەڵکو وێستگەیەکە بۆ یەکلاکردنەوەی هەڵوێستی کۆتایی هێزە شیعییەکان بەر لە کۆبوونەوەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.
فەهد جبووری، ئەندامی ڕەوتی حیكمە، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ كوردستان24 ئاشکرای کرد، کە پرسی کاندیدکردنی نووری مالیکی، سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکانی سبەی دەبێت.
جبووری گوتی: "تا ئەم ساتە بڕیاری کۆتایی لە بارەی گۆڕین یان هێشتنەوەی مالیکی نەدراوە و دۆسیەکە بۆ بڕیاری یەکلاکەرەوەی سەرکردە یەکەمەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی جێهێڵدراوە."
بە پێی سەرچاوە ئاگادارەکان، ئێستا دوو ئاڕاستەی پێچەوانە لەنێو چوارچێوەی هەماهەنگیدا دروست بووە:
ئاڕاستەی یەکەم; بەشێک لە پارتەکان پێداگری لەسەر مافی نووری مالیکی دەکەن و بە تاکە کاندیدی شایستەی دەزانن.
ئاڕاستەی دووەم; بەشەکەی دیکە، کە نیگەرانن لە پچڕانی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکان، داوا دەکەن دەرگا بۆ کاندیدێکی جێگرەوە بکرێتەوە بۆ ئەوەی ڕووبەڕووی سزای نێودەوڵەتی نەبنەوە.
ئەوەی کۆبوونەوەی سبەی هەستیار کردووە، هەڵوێستی ڕاشکاوانەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکایە.
ترەمپ لە دواین پەیامیدا بەڕوونی هێڵی سووری بۆ گەڕانەوەی مالیکی کێشابوو و ڕایگەیاندبوو: "هەڵبژاردنەوەی مالیکی وەک سەرۆکوەزیران بڕیارێکی خراپە بۆ عێراقییەکان."
سەرۆکی ئەمەریکا هۆشداریشی دابوو کە ئەگەر سیناریۆیەکی لەو شێوەیە ڕووبدات، واشنتن سەرجەم هاوکارییەکانی بۆ بەغدا ڕادەگرێت، ئەمەش وایکردووە بەشێک لە سەرکردە شیعییەکان بە دوای "بژاردەی سەلامەتتر"دا بگەڕێن.
چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەکەی سبەی، وێنەی حکوومەتی داهاتووی عێراق و ناوی کاندیدەکە بە تەواوی ڕوون ببێتەوە.