ترەمپ: لەگەڵ ئێران لە دانوستان داین، بەڵام با بزانین ئەنجامەکەی چۆن دەبێت

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕایدەگەینێت، سەرەڕای ئەوەی لەگەڵ ئێران لە دانوستانن، بەڵام گەشتی گەلێکی زۆریان بۆ ناوچەکە ناردووە، هاوکات دەشڵێت: جاری ڕابردووش کە هێرشمان کردە سەر دامەزراوە ئەتۆمییەکان لە دانوستان بووین.

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بە فۆکس نیووزی ڕایگەیاند، واشنتن لە ئامادەباشییەکی باڵای سەربازیدایە و کەشتیگەلێکی جەنگیی زەبەلاحمان بەرەو ناوچەکە (کەنداو) بەڕێکردووە، کە زۆر لەو کەشتیگەلە گەورەترە پێشتر بەرەو ڤەنزوێلا ڕەوانەمان کردبوو.

سەبارەت بەوەی بۆچی وڵاتانی هاوپەیمانی ئەمریکا لە کەنداو ئاگاداری وردەکارییەکان نین، ترەمپ بە ڕاشکاوی گوتی: ناکرێت پلانەکە بەوان بڵێین؛ ئەگەر پلانەکە بۆ هاوپەیمانەکانمان ئاشکرا بکەین، ئەوا هاوشێوەی ئەوەیە بە میدیاکانمان گوتبێت، ڕەنگە خراپتریش بێت. ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی ترەمپ نایەوێت هیچ سەرەداوێکی هێرشی ئەگەریی یان فشارە سەربازییەکانی دزەی پێ بکرێت.

سەرۆکی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد کە ئێرانییەکان دەیانەوێت گفتوگۆ بکەن، بەڵام ئەو گومانی لە نیەتی تاران هەیە و گوتی: ئێستا لەگەڵ ئێران لە گفتوگۆ دایەنە، دەبینین چی ڕوودەدات، ئەگەرنا شتی دیکە ڕوودەدات. جارەکەی پێشوو کە دانوستانمان کرد، ناچار بووین پڕۆژە ئەتۆمییەکەیان پەکبخەین، بەڵام سوودی نەبوو؛ دواتر بە شێوازێکی دیکە پەکمان خست، ئێستاش چاوەڕێین بزانین چی دەبێت.

هەروەها هەر ئەمڕۆ شەممە، عەلی لاریجانی، ئەمینداری گشتیی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانیی ئێران، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیویەتی: کار بۆ دۆزینەوەی میکانیزمێک بۆ ئەنجامدانی دانوستان لەگەڵ ئەمریکا دەکەین.

هاوکات ئاماژەی بەوە دا، بە پێچەوانەی ئەو پڕوپاگەندانەی کە میدیاکان باسی دەکەن، رێکار، ئامادەکاریییە پێکهاتەییەکان و هەنگاوە کردەییەکانی تایبەت بە دانوستان لەگەڵ ئەمریکا، بەرەو پێشەوە دەچن.