رووسیا چوار شارۆچکەی دیکەی ئۆکرانیای کۆنترۆڵکرد

(وێنەی؛ دوو سەربازی رووسیا لە بەرەیەکی شەڕدا تەقەمەنی دەگوازنەوە)
(وێنەی؛ دوو سەربازی رووسیا لە بەرەیەکی شەڕدا تەقەمەنی دەگوازنەوە)

وەزارەتی بەرگریی رووسیا لە بەیاننامەیەکی نوێدا رایگەیاند، لە ماوەی سێ رۆژی کۆتایی مانگی یەکدا، هێزەکانی وڵاتەکەیان لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیاندا توانیویانە چوار شارۆچکەی ستراتیژی لە ناوچەکانی دۆنێتسک، زاپۆریژژیا و سومی کۆنترۆڵ بکەن.

بەگوێرەی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی بەرگریی، رۆژی شەممە هێزەکانی رووسیا شارۆچکەی تۆریتسکۆیە یان لە دۆنێتسک و شارۆچکەی پترۆڤکایان لە ناوچەی زاپۆریژژیا کۆنترۆڵ کردووە. لەو ئۆپەراسیۆنەدا، سوپای رووسیا توانیویەتی هێزە یەدەگەکانی ئۆکرانیا تێکبشکێنێت و ناوچەیەکی بەرگریی بە رووبەری 5 کیلۆمەتر چوارگۆشە دەستەبەر بکات.

رۆژی هەینی شارۆچکەی "بێرێستۆک" لە دۆنێتسک و رۆژی پێنجشەممەی رابردووش شارۆچکەی بێلایە بێرێژە لە ناوچەی سومی لەلایەن یەکینەکانی گرووپی باکووری سوپای رووسیاوە کۆنترۆڵ کراون.

سەبارەت بە زیانەکانی لایەنی ئۆکرانی، وەزارەتەکە ئاماژەی بەوە کردووە؛ تەنیا لە 24 کاتژمێری رابردوودا هەزار و 205 سەربازی ئۆکرانیا لە بەرەکانی جەنگ ڕادەست بوون. هەروەها لە میحوەری باشووردا، لە ماوەی هەفتەیەکدا ئۆکرانیا زیاتر لە هەزار 20 سەرباز و 18زرێپۆشی لەدەستداوە، کە پێنجیان ئۆتۆمبێلی سەربازیی دروستکراوی وڵاتانی رۆژئاوابوون.

لە رووی بەرگریی ئاسمانییەوە، رووسیا رایگەیاندووە؛ توانیویانە لە 24 کاتژمێری رابردوودا مووشەکێکی هیمارس، چوار بۆمبی ئاسمانی رێنماییکراو و 47 درۆنی سوپای ئۆکرانیا تێکبشکێنن و بخەنە خوارەوە.

وەزارەتی بەرگریی رووسیا جەختی کردووەتەوە؛ هێزەکانیان لە چەندین میحوەری جیاوازدا پێگەکانی خۆیان باشتر کردووە و بەردەوامن لە پێشڕەوییەکانیان.