توێژینەوەیەک: کاتژمێرە زیرەکەکان لە پشکنینی پزیشکی باشترن بۆ پاراستنی دڵ

توێژینەوەیەکی نوێ ئاماژە بەوە دەکات، کاتژمێرە زیرەکەکانی براندە جیهانییەکانی وەک "ئەپڵ"، "گوگڵ" و "سامسونگ"، کە خاوەنی هەستەوەری هێڵکاری کارەبایی دڵن، رێگەیەکی باشتر و خێراترن بۆ دۆزینەوەی ناڕێکیی مەترسیداری لێدانی دڵ بەراورد بە پشکنینە پزیشکییە نەریتییەکان.

توێژینەوەکە لە لایەن سەنتەری پزیشکیی زانکۆی ئەمستردام ئەنجامدراوە و جەختی لەسەر "لەرزینی گوێچکەلەی دڵ" (Atrial Fibrillation) کردووەتەوە، کە یەکێکە لە باوترین جۆرەکانی ناڕێکی لێدانی دڵ لە جیهاندا. ئەم حاڵەتە زۆرجار بە شێوەیەکی ناڕێک روودەدات و لای زۆر کەس هیچ نیشانەیەکی دیار دروست ناکات.

میشێل وینتەر، پزیشکی پسپۆری دڵ و نیکۆڵ فان ستاین، خوێندکاری دکتۆرا، سەرپەرشتی ئەم توێژینەوەیان کردووە بۆ ئەوەی بزانن ئایا ئامێرە پۆشراوەکان (وەک کاتژمێری زیرەک) یارمەتیدەر دەبن لە دۆزینەوەی زووی ئەم نەخۆشییە بە وردییەکی زیاتر لە رێگە باوەکان یان نا.

لە حاڵەتی لەرزینی گوێچکەلەی دڵدا، لێدانی دڵ ناڕێک دەبێت، ئەمەش دەبێتە هۆی مەیینی خوێن لەناو دڵدا. توێژەران روونی دەکەنەوە کە ئەگەر ئەم خوێنە مەییوە بچێتە ناو مێشک، دەبێتە هۆی جەڵتەی مێشک. بەو پێیەی ئەم ناڕێکییە زۆرجار بە پچڕپچڕ روودەدات، رەنگە لە کاتی سەردانی ئاسایی پزیشکدا دەستنیشان نەکرێت.

توێژینەوەکە چۆن ئەنجامدرا؟

تیمی توێژینەوەکە تاقیکردنەوەیان لەسەر 437 نەخۆش کردووە، کە تەمەنیان لە سەروو 65 ساڵ بووە و مەترسی جەڵتەی مێشکیان لەسەر بووە. نیوەی ئەو کەسانە رۆژانە لانیکەم 12 کاتژمێر و بۆ 6 مانگ کاتژمێری زیرەکیان لە دەست بووە، لە کاتێکدا نیوەکەی دیکەیان تەنیا چاودێرییە پزیشکییە ئاساییەکەیان وەرگرتووە بێ ئەوەی کاتژمێر بەکاربهێنن.

لە کاتژمێرەکاندا دوو تایبەتمەندی بەکارهێنراون: پێوانەکردنی لێدانی دڵ لە رێگەی تیشک و هێڵکاریی کارەبایی دڵ (ECG). دەرکەوتووە کە رێژەی دۆزینەوەی نەخۆشییەکە لەو گرووپەی کاتژمێری زیرەکیان بەستووە، چوار هێندە زیاتر بووە لە گرووپی دووەم. بە جۆرێک 21 کەس لە بەکارهێنەرانی کاتژمێر نەخۆشییەکەیان تێدا دۆزراوەتەوە و چارەسەریان وەرگرتووە، لە بەرانبەردا تەنیا پێنج کەس لەو گرووپەی کاتژمێریان نەبەستبوو نەخۆشییەکەیان تێدا دۆزراوەتەوە.

ئامێرەکان بێ هەڵە نین

سەرەڕای سەرکەوتنی تەکنەلۆژیاکە، بەڵام بێ هەڵە نییە. فان ستاین ئاماژەی بەوە کردووە کە هەندێکجار کاتژمێرەکان ئاگادارکردنەوەی هەڵە دەدەن؛ لە کۆی 72 نەخۆش کە کاتژمێرەکانیان ئاماژەی مەترسیان پێدابوون، تەنیا نیوەیان بە تەواوی دەرکەوتووە کە کێشەی دڵیان هەیە.

لە کۆتاییدا، میشێل وینتەر دەڵێت: "لە سایەی ئەو فشارە زۆرەی لەسەر سیستەمی تەندروستی هەیە، ئەم ئامێرانە رێگە دەدەن چاودێری ژمارەیەکی زۆر لە خەڵک بکرێت بێ ئەوەی پێویست بکات بەردەوام سەردانی نەخۆشخانە بکەن." توێژەران پێیان وایە بەکارهێنانی کاتژمێرە زیرەکەکان دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی حاڵەتەکانی جەڵتەی مێشک، چونکە نەخۆشییەکە لە قۆناغی زۆر سەرەتاییدا دەستنیشان دەکرێت.