خامنەیی: دەستپێشخەری جەنگ ناکەین

(وێنە؛ ئەرشیف عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران)
(وێنە؛ ئەرشیف عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران)

ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران، لە میانی دیدارێکدا لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی وڵاتەکەی، سەبارەت بە ئەگەری هەڵگیرسانی جەنگ رایگەیاند: "ئێمە دەستپێشخەری هیچ جەنگێک ناکەین، بەڵام بە توندی وەڵامی هەر هێرش و دەستدرێژییەک بۆ سەر وڵاتەکەمان دەدەینەوە."

خامنەیی هۆشداریی دایە ئەمریکییەکان و گوتی: "پێویستە بزانن ئەگەر جەنگ دەستپێبکەن، ئەمجارە تەنیا لە سنوورێکدا نامێنێتەوە، بەڵکو دەبێتە شەڕێکی ناوچەیی و سەرانسەری ناوچەکە دەگرێتەوە."

هەروەها سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئەمریکا ئاماژەی بەوە کرد؛ قسەکانیان جدی نییە و گوتی: "ئەوەی باس لە بژاردەی سەربازی و فڕۆکە و کەشتی دەکەن، تەنیا قسەیە. لە رابردوودا چەندینجار وتوویانە هەموو بژاردەکان لەسەر مێزن، بەڵام ئەمانە قسەی جدی نین."

هەروەها چەندینجارە ترەمپ بانگەشەی ئەوە دەکات کە کەشتی فڕۆکە هەڵگری رەوانە کردووە، بەڵام ئەم هەڕەشانە گەلی ئێران ناترسێنێت و کاریگەریشی نابێت.

رێبەری باڵای ئێران لە بارەی دۆخی ئەمدوایەی وڵاتەکەی گوتی: "ئاژاوەگڕیی ئەم دوایە لە شێوەی کودەتا بوو، بەڵام سەرکوتکرا و ئامانجیان تێکدانی ناوەندە هەستیار و کاریگەرەکانی وڵات بوو، هەربۆیە پەلاماری بنکەی پۆلیس، دامەزراوەکانی حکوومەت و سوپا، بانک و مزگەوتنەکانیان دەکرد و قورئانیان سووتاند."

عەلی خامنەیی گوتیشی: "پێش زیاتر لە 30 ساڵ ئەمریکییەکان لە ئێران بوون، سەرچاوەکانی نەوت، سیاسەت، ئاسایش لە دەستیان دا بوو،  پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ جیهان لە دەستی ئەواندا بوو، هەموو شتێک بە دڵی ئەوان بوو، بەڵام 30 ساڵە دەستیان بڕدراوە و ئێستاش دەیانەوێت هەمان سەردەمی پەهلەوی بگەڕێننەوە، بەڵام گەلی ئێران بە بەهێزییەوە سنگیان کردووەتە قەڵغان و رێگرن لەبەردەمیان. ئێستاش کە بۆیان ناسازێت، باس لە دوژمنی و شەڕ و قسەی پڕوپچ لە بارەی مافی مرۆڤەوە دەکەن."