ترەمپ: ئەگەر لەگەڵ ئێران رێککەوتن نەکرێت، ئەوا لە مەیدانەکەدا راستییەکان دەردەکەون
سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا وەڵامی رێبەری باڵای ئێران دەداتەوە و رایدەگەیەنێت، گەورەترین و بەهێزترین کەشتیگەلی جەنگیی ئەمریکا گەیشتوونەتە ناوچەکە و زۆر لە ئێرانەوە نزیکن، جەختیش دەکاتەوە کە ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا لە مەیدانەکەدا راستییەکان دەردەکەون.
یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە لێدوانێکی عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کە هۆشداریدا بوو هێرشی ئەمریکا دەبێتە هۆی هەڵگیرسانی جەنگێکی هەرێمی، وەڵامی دایەوە و گوتی: ئێمە خاوەنی گەورەترین و بەهێزترین کەشتیگەلی جیهانین لەوێ، زۆر لێیانەوە نزیکن، تەنیا بابەتەکە چەند رۆژێکە.
ترەمپ جەختی لەوە کردەوە کە هیوایان بە رێککەوتنە و گوتی: هیوادارین لەگەڵ ئێران بگەینە رێککەوتن، بەڵام ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەو کات تاقی دەکەینەوە و دەزانین کە ئایا قسەکەی ئەو راست دەردەچێت یان نا.
هەر ئەمڕۆ یەکشەممە، عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای کۆماری ئیسلامیی ئێران، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) نووسیبووی: ئێران خاوەنی چەندین تایبەتمەندی و سەرنجڕاکێشییە؛ لە وانە نەوت، غاز، کانزا دەوڵەمەندەکان و هەڵکەوتەی جوگرافییەکەی، بەڵام ئەمریکا هەوڵ دەدات کۆنترۆڵی ئەم وڵاتە بکات، رێک وەک چۆن لە رابردوودا کۆنترۆڵی کردبوو.
ئەمەش لە کاتێکدایە، هەر دوێنێ شەممە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا رایگەیاند، لەگەڵ ئێران لە دانوستان دان و چاوەڕێ دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئەنجامەکانی چۆن دەبێت، ترەمپ گوتیشی: جاری پێشوو لە دانوستان بووین، بەڵام ناچارکراین دامەزراوە ئەتۆمییەکان بۆردوومان بکەین.