فوئاد حوسێن: ڤیتۆکەی ترەمپ لەسەر مالیکی هاوکێشەکەی گۆڕیوە و دەبێت شاندێک بچێتە واشنتن
ئایا ڤیتۆکەی ئەمریکا دژی مالیکی، کەسییە یان دژی ئاراستەی سیاسیی چوارچێوەی هەماهەنگییە؟ ئەمە ئەو پرسیارەیە کە فوئاد حوسێن دەڵێت: دەبێت شاندێکی عێراقی لە واشنتن وەڵامەکەی دەستبخات. هاوکات ئاشکرای دەکات کە سبەی بۆ یەکلاییکردنەوەی پرسی سەرۆکوەزیران و سەرۆککۆمار، سوودانی و سەرکردەکانی شیعە دەچنە لای سەرۆک بارزانی.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 1ـی شوباتی 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق و کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، لە هەڤپەیڤینێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان24ـدا گوتی: بڕیارە سبەی شاندێکی باڵای چوارچێوەی هەماهەنگی کە پێکهاتووە لە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و هادی عامری و موحسین مەندەلاوی، سەردانی هەولێر بکات و لەگەڵ سەرۆک مەسعود بارزانی کۆببێتەوە.
سەبارەت بە ئەجێندای کۆبوونەوەکە، ناوبراو روونی کردەوە، کە تەوەرە سەرەکییەکان پەیوەستن بە پرۆسەی پێکهێنانی حکوومەتی داهاتووی عێراق و هەوڵدان بۆ گەیشتن بە لێکتێگەیشتن لەنێوان لایەنە کوردییەکان (پارتی و یەکێتی) بۆ دیاریکردنی یەک کاندید بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، چونکە ئەم پرسە راستەوخۆ گرێدراوی دیاریکردنی سەرۆکوەزیرانیشە.
لەسەر پرسی کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران و هەڵوێستی نەرێنیی ئەمریکا لەو بارەیەوە، د. فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد، کە ئەگەرچی ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە تەنیا نێوهندگیری نییە بۆ ئەو بابەتە، بەڵام بێگومان "هەڵوێستی واشنتن بەرانبەر مالیکی دەبێتە بەشێک لە گفتوگۆکان".
فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە کە، شەوی رابردوو چوارچێوەی هەماهەنگی (بەبێ ئامادەبوونی یەک لایەن) کۆبوونەوەی ئەنجام داوە و جارێکی دیکە سەرجەم پێکهاتەکانیان دووپاتیان کردووەتەوە کە نووری مالیکی تاکە کاندیدی ئەوانە بۆ پۆستی سەرۆکوەزیران، سەرەڕای ئاگاداربوونیان لە تێبینییەکانی ئەمریکا.
سەبارەت بە پەیوەندیی نێوان هەردوو پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیران، د. فوئاد حوسێن روونی کردەوە، کە ئەگەرچی لە رووی یاساییەوە مەرج نییە بە یەکەوە گرێ بدرێن، بەڵام لە رووی واقعی سیاسی و پەیکەربەندیی حکوومەتەوە تەواو پەیوەستن بە یەکترەوە، چونکە دەبێت سەرۆککۆمار هەڵبژێردرێت تاوەکو بتوانێت سەرۆکوەزیرانی راسپێردراو بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێرێت.
سەبارەت بە ئەگەری گۆڕینی کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگی، فوئاد حوسێن رایگەیاند: "تا ئەم ساتەش نووری مالیکی تاکە کاندیدی چوارچێوەی هەماهەنگییە و بڕیاری گۆڕینی لە دەستی سەرکردەکانی شیعەدایە."
لە بارەی بەو مەترسییانەی کە لەلایەن دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و ژمارەیەک لە سێناتۆرەکانی ئەو وڵاتەوە خراونەتە روو، بە تایبەت هەڕەشەی راگرتنی هاوکارییە دارایی و ئەمنییەکان لە ئەگەری دەستبەکاربوونی مالیکی، د. فوئاد حوسێن دانی بە بوونی ئەو مەترسییانەدا نا و بە "جددی" وەسفی کردن.
ناوبراو روونی کردەوە کە تا ئێستا بەغدا هەوڵێکی فەرمیی نەداوە بۆ تێگەیشتن لە ماهییەتی ئەم هەڵوێستە نوێیەی ئەمریکا و گوتی: "پێویستە شاندێک بچێتە واشنتن بۆ ئەوەی بە وردی تاوتوێی ئەم بابەتە بکەن، ئایا ئەمە هەڵوێستێکی کاتییە یان ستراتیژییەکی هەمیشەیی؟ ئایا ڤیتۆکە لەسەر خودی کەسایەتیی مالیکییە یان بەرانبەر بەو ئاراستە سیاسییەیە کە نوێنەرایەتی دەکات؟"
فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوەش دا، کە دۆخەکە پێش چەند رۆژێک جیاواز بوو، بەڵام "پۆستەکەی ترەمپ دۆخێکی نوێی خوڵقاندووە"، چونکە پێشتر هیچ ئاماژەیەکی روون بۆ رەتکردنەوەی کاندیدبوونی مالیکی لە ئارادا نەبووە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا لایەنی ناوخۆیی عێراقی رۆڵیان هەبووە لە هاندانی ئەمریکا بۆ دەرکردنی ئەو هەڵوێستە توندە، د. فوئاد حوسێن بە شێوەیەکی دیپلۆماسی وەڵامی دایەوە و گوتی: "لێکۆڵینەوە لەم بابەتە نەکراوە، بەڵام بە دڵنیاییەوە لە چەندین سەرچاوەی جیاوازەوە زانیاری گەیشتووەتە ئیدارەی ئەمریکا."
د. فوئاد حوسێن ناوەرۆکی دواین کۆبوونەوەی خۆی لەگەڵ قوباد تاڵەبانی ئاشکرا کرد و روونی کردەوە کە گفتوگۆیەکی تێروتەسەلیان سەبارەت بە دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان کردووە و بە فەرمی پێشنیازێکی نوێی خستووەتە بەردەم یەکێتی بۆ یەکلاییکردنەوەی ململانێی پۆستەکان.
سەبارەت بە وردەکاریی پێشنیازەکە، فوئاد حوسێن گوتی: "بە راشکاوی بە کاک قوبادم راگەیاندووە کە پارتی دیموکراتی کوردستان ئامادەیە پۆستەکانی جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیری دەرەوە، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، لەگەڵ پۆستی جێگری دووەمی سەرۆکی پەرلەمان پێشکەشی یەکێتی بکات."
لە بەرانبەردا، د. فوئاد حوسێن مەرجی پارتی روون کردەوە و گوتی: "لە بەرانبەر بەخشینی ئەو پۆستانە، ئێمە داوای پۆستی سەرۆککۆمار و وەزارەتەکانی پشکی یەکێتی دەکەین."
ناوبراو ئاماژەی بەوەش دا کە ئەم پێشنیازە تا ئێستا نەبووەتە رێککەوتن، بەڵام وەک بژاردەیەک خراوەتە بەردەم لایەنی بەرانبەر و لە میدیاشدا رایدەگەیەنن.
سەبارەت بە سووربوونی لەسەر کاندیدبوونی بۆ پۆستی سەرۆککۆمار، د. فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە پۆستی سەرۆککۆمار شایستەی پێکهاتەی کوردە و پارتیش وەک هێزی زۆرینەی کوردستان، مافی خۆیەتی کاندیدی بۆ ئەو پۆستە هەبێت. گوتیشی: "ئەمە پرسێکی کەسی نییە، بەڵکو مافی پێکهاتەی کورد و زۆرینەی سیاسییە، لە کۆتاییشدا بڕیارەکە لە دەستی ئەندامانی پەرلەماندایە بۆ یەکلاییکردنەوەی کاندیدەکە."
لە تەوەرێکی دیکەی گفتوگۆکەدا، سەبارەت بە گۆڕانکاری لە نوێنەرانی ئەمریکا بۆ دۆسیەی عێراق، فوئاد حوسێن ئاماژەی بەوە دا کە بەپێی زانیاری و خوێندنەوەی ئەو، ئەرکی مارک ساڤایا کۆتایی هاتووە.
سەبارەت بە شوێنگرەوەکەی، فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد: "تۆم بەڕاک، کە باڵیۆزی ئەمریکایە لە تورکیا، ئێستا وەک نوێنەری دۆناڵد ترەمپ رۆڵ دەگێڕێت و سەرپەرشتیی دۆسیەکانی سووریا، لوبنان و عێراقیش دەکات."
سەبارەت بە رۆڵی شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: کە یەکێک لە ئامانجەکانی سەردانەکە بریتییە لە هەوڵدان بۆ لێکنزیکردنەوەی لایەنە کوردییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێک بۆ پرسی سەرۆککۆمار.
هاوکات ئاشکرای کرد، کە شاندەکە جگە لە هەولێر، سەردانی سلێمانیش دەکەن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر دۆخی گشتیی عێراق و پرۆسەی سیاسی.
د. فوئاد حوسێن، رەتیکردەوە کە ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی تاکە هۆکاری پەککەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار بن، بەڵکو جەختی لە بوونی میکانیزمی دەستووری کردەوە.
ناوبراو دوو پێشنیازی سەرەکیی خستە روو:
دەنگدانی ناوخۆیی؛ ئەندامانی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنە کوردییەکان کۆببنەوە و لەنێو خۆیاندا بە دەنگدان کاندیدێک یەکلا بکەنەوە.
پەیڕەوکردنی مۆدێلی سوننە؛ هەمان ئەو پێوەرەی بۆ پێکهاتەی سوننە پەیڕەو کرا، بۆ کوردیش جێبەجێ بکرێت؛ وەک چۆن زۆرینەی سوننە (حزبی تەقەدووم) پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی وەرگرت، پارتیش وەک هێزی زۆرینەی کورد مافی وەرگرتنی سەرۆککۆماری هەیە. ئەگەر ئەمانەش سەرنەگرن، دەبێت پەنا بۆ دەنگدانی گشتی لە پەرلەمان ببرێت.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە ئەگەری داواکاریی شاندی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ کشانەوەی کاندیدی پارتی، فوئاد حوسێن بە زمانی داتا و ئامار وەڵامی دایەوە و گوتی: "کشانەوە لە بەرانبەر چی؟ ئەگەر پێوەرەکە قەبارەی حزب و ژمارەی کورسی بێت، پارتی خاوەنی 32 کورسی و هاوپەیمانەکانێتی، لەکاتێکدا یەکێتی تەنیا 18 کورسیی هەیە. ئەگەر پێوەرەکە دەنگی جەماوەریش بێت، پارتی نزیکەی یەک ملیۆن و 130 هەزار دەنگی بەدەست هێناوە، لە بەرانبەر نزیکەی 400 هەزار دەنگی یەکێتی."
فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە بەپێی هەموو پێوەرە دیموکراسی و ژمارەییەکان، هیچ پاساوێک نییە بۆ ئەوەی پارتی وەک هێزی یەکەم سازش بۆ هێزی دووەم بکات.
سەبارەت بە گۆڕانی هاوکێشەی سیاسیی عێراق بۆ یەکەمجار لە دوای ساڵی 2003ـەوە، فوئاد حوسێن جەختی کردەوە کە گۆڕانکارییەکە پێویستییەکی هەنووکەییە.
ناوبراو ڕایگەیاند: "بەهۆی دۆخی ناوخۆی عێراق و گۆڕانکارییە ناوچەیی و جیهانییەکان، پێویستە هاوکێشەکە بگۆڕێت و کەسانێک بێنە پێشەوە کە بتوانن رۆڵ بگێڕن و خزمەت بکەن."
ئاماژەی بەوەش دا کە پارتی وەک هێزێکی گەورە لە عێراق و کوردستان، کاندیدەکەی دەتوانێت رۆڵێکی کاریگەر لەسەر ئاستی ناوخۆ و دەرەوە ببینێت.
سەبارەت بە یەکلاییکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار، فوئاد حوسێن روونی کردەو،ە کە ئەگەرچی پەرلەمان دانیشتنی داهاتووی دیاری کردووە، بەڵام ماوەی پێنج بۆ شەش رۆژ لەبەردەم لایەنەکاندایە بۆ گفتوگۆ و گەیشتن بە رێککەوتن. ئەگەر رێککەوتن نەکرێت، ئەوا پرۆسەکە دەچێتە قۆناغی "پێشبڕکێ و دەنگدان" لەناو پەرلەماندا.
لەسەر پرسی گواستنەوەی زیندانییانی داعش لە سووریاوە بۆ عێراق، د. فوئاد حوسێن ئاشکرای کرد، کە ژمارەیەکی زۆر چەکداری داعش لە زیندانەکانی "حەسەکە"دان و زۆربەشیان سەرکردەی مەترسیدارن.
ناوبراو گوتی: "حکوومەتی عێراق وەک پرەنسیپ قبووڵی کردووە وەریان بگرێتەوە، چونکە ترسی ئێمە ئەوەیە ئەگەر لەوێ بمێننەوە رەنگە هەڵبێن یان ئازاد بکرێن، کە ئەوە مەترسییەکی گەورەتر دروست دەکات."
وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوە دا، کە نزیکەی دوو بۆ سێ هەزار چەکداری هەڵگری رەگەزنامەی عێراقی لەوێدان، لە کۆی نزیکەی هەشت هەزار زیندانی.
روونیشی کردەوە، کە دادگاییکردنیان لەلایەن "هەسەدە"وە لە رووی نێودەوڵەتییەوە دانپێدانراو نییە چونکە دەوڵەت نین، بۆیە عێراق مافی خۆیەتی دادگاییان بکات.
سەبارەت بە تێچووی ماددیی زیندانییەکان، د. فوئاد حوسێن رایگەیاند: کە عێراق مەرجی داناوە و داوای کردووە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی هاوکاریی دارایی و ئەمنی و تەکنیکی پێشکەش بکەن بۆ بەڕێوەبردنی ئەو زیندانانە.
سەبارەت بە دۆخی سووریا، فوئاد حوسێن پشتیوانیی عێراقی بۆ لێکتێگەیشتنی نێوان حکوومەتی سووریا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) دەربڕی و بە گرنگی زانی بۆ سەقامگیریی سنوورەکانی عێراق و پاراستنی کوردانی سووریا لە هەر هێرشێک.
هاوکات رۆڵی سەرۆک بارزانی لەم پرسەدا بەرز نرخاند و رایگەیاند: "سەرۆک بارزانی پەیوەندیی بە دیمەشق و سەرکردایەتیی هەسەدەوە هەبووە و لە کاتی شەڕدا رۆڵێکی هەستیاری بینیوە بۆ وەستاندنی شەڕ."
لەسەر ئەگەری پێکدادانی سەربازی لە نێوان ئەمریکا و ئێران، فوئاد حوسێن هەڵوێستی عێراقی دووپات کردەوە کە دژی هەر جۆرە جەنگێکن لە ناوچەکەدا و هیواخوازن کێشەکان بە گفتوگۆ چارە بکرێن.
ئاماژەی بەوەش دا کە عێراق پێشتر رۆڵی نێوەندگیریی بینیوە و ئەگەر داوای لێ بکرێت، ئامادەیە جارێکی دیکە ئەو رۆڵە بگێڕێتەوە، هەر چەندە ئێستا سەرقاڵی پێکهێنانی حکوومەتە.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە بەڵێنی لایەنە شیعەکان بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140 و یاسای نەوت و گاز و شەراکەت، فوئاد حوسێن گوتی: "ئەم بابەتانە لە بەرنامەی هەموو حکوومەتێکدا نووسراونەتەوە، بەڵام کێشەکە لە جێبەجێکردندایە."
ناوبراو روونی کردەوە کە گرفتەکە بوونی "بۆشایی یاساییە" و زۆرێک لە ماددە دەستوورییەکان نەکراون بە یاسا. بۆیە جەختی کردەوە کە ئەرکی پەرلەمان و حکوومەتی داهاتوو ئەوەیە لەم چوار ساڵەدا کار بۆ تەشریعکردنی ئەو یاسایانە بکەن تاوەکو سیستەمی سیاسیی عێراق بچێتە چوارچێوەیەکی یاسایی تەواوەوە. گوتیشی: "گفتوگۆکان لەسەر ئەم بابەتانە دەبێت لەگەڵ کاندیدی سەرۆکوەزیران یەکلایی بکرێنەوە."
لەسەر پرسی مووچە، فوئاد حوسێن روونی کردەوە، لە رووی یاساییەوە مووچەی مانگی یەك کێشەی نییە و ئێستا دابەشکردنی مووچە، پشت بە رێسایی یەك لەسەر دوانزدە دەبەستێت، ئەمەش بەو مانایەیە کە چۆن ساڵی رابردوو لە مانگی یەك مووچە دراوە، ئەمساڵیش دەبێت بە هەمان شێوە بدرێت.