ئەکرەم غززی: ئێمە وەک گەورەی کورد دەڕوانینە سەرۆک بارزانی
ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی هەڵوێستی کۆتایی چوارچێوەی هەماهەنگی سەبارەت بە پێکهێنانی حکومەتی نوێ ئاشکرا دەکات و ڕایدەگەیەنێت، نووری مالیکی تاکە کاندیدیانە بۆ سەرۆک وەزیران و لەنێو کوردیشدا چانسی فوئاد حوسێن بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار بە بەهێزتر دەزانن؛ هاوکات گوتیشی: ئێمە وەک گەورەی کورد دەڕوانینە سەرۆک بارزانی.
یەکشەممە 1ـی شوباتی 2026، ئەکرەم غززی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامی میوانی باسی ڕۆژی کوردستان24 بوو کە لەلایەن ژینۆ محەممەد پێشکەش دەکرێت، ڕایگەیاند، چوارچێوەی هەماهەنگی پشتیوانی لەوە دەکات کە لایەنە کوردییەکان بە یەک کاندیدی هاوبەش بچنە پەرلەمان بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار، بەڵام ئەگەر ڕێکنەکەوتن، ئەوا ئەندامانی پەرلەمان لە دانیشتنی تایبەتدا پرسەکە یەکلایی دەکەنەوە.
سەبارەت بە هەردوو کاندیدی کورد فوئاد حوسێن و نزار ئامێدی، غززی گوتی: هەردووکیان کەسایەتی بەڕێزن، بەڵام بەلای منەوە فوئاد حوسێن بەهۆی ئەوەی پۆستی جۆراوجۆری هەبووە و خاوەن ئەزموونە، چانسی زیاترە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک کۆمار.
ئەو بەرپرسەی ئەنجوومەنی باڵا ئاماژەی بە ڕۆڵی سەرۆک بارزانی کرد و گوتی: ئێمە وەک گەورەی کورد دەڕوانینە سەرۆک بارزانی و چاوەڕوانین کێشەکان چارەسەر بکات، چونکە دۆخی عێراق هەستیارە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەکرەم غەززی جەختی لەسەر کاندیدی شیعەکان کردەوە و ڕایگەیاند: چوارچێوەی هەماهەنگی سوورە لەسەر کاندیدکردنی نووری مالیکی بۆ سەرۆک وەزیران و پاشەکشەی لێ ناکات، چونکە بۆ ئەم قۆناغە و ئەو پێدراوانەی هەن، مالیکی باشترین و گونجاوترین کاندیدە، تەنانەت محەممەد شیاع سوودانیش پشتیوانی مالیکی دەکات.
سەبارەت بە فشاری دەرەکیش، غززی هۆشداریدا کە ئەوان پەیوەندی باشیان لەگەڵ وڵاتان دەوێت، بەڵام خۆسەپاندن قبووڵ ناکەن و گوتی: ئەگەر ئەمریکا هەڕەشە و گوشاری زیاتر بکات، ئەوا شیعەکان قسەی خۆیان دەبێت.