ئەمڕۆ شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەولێر دەکات
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، شاندێکی چوارچێوەی هەماهەنگی سەردانی هەولێر دەکات. بڕیار وایە شاندەکە لەگەڵ پارتی و یەکێتی کۆببێتەوە و گفتوگۆ لەسەر یەکلاکردنەوەی پرسی سەرۆککۆمار بکرێت.
پێشتر عەباس عامری، ئەمینداری گشتیی چوارچێوەی هەماهەنگی، رایگەیاند؛ شاندێکی باڵای چوارچێوەکە کە پێکهاتووە لە؛ محەممەد شیاع سوودانی، هادی عامری و موحسین مەندەلاوی، سەردانی هەولێر و سلێمانی دەکات.
بە گوێرەی راگەیەنراوەکە، ئەم سەردانە لەسەر بنەمای بڕیاری کۆتا کۆبوونەوەی چوارچێوەی هەماهەنگی دێت، بە ئامانجی دروستکردنی لێکگەیشتن لە نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.
هەروەها عەباس عامری ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی سەردانەکە، یەکلاکردنەوەی پرسی پۆستی سەرۆکایەتیی کۆمارە لە رێگەی لێکنزیکردنەوەی بۆچوونەکان.
لای خۆیەوە عەبدولڕەحمان جەزائیری، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24 وردەکاریی سەردانەکەی ئاشکرا کرد و رایگەیاند: "سەردانی شاندەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی بۆ هەولێر، هەنگاوێکی یەکلاکەرەوەیە و ئامانج لێی گفتوگۆکردنە لەسەر دوو دۆسیەی هەستیار: یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار و سەرۆکوەزیرانی داهاتووی عێراق".