وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا: بڕیارەکەی پەرلەمانی ئێران بنەمای یاسایی نییە
ئەڵمانیا، بڕیاری پەرلەمانی ئێران بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای وڵاتانی ئەورپا سەرکۆنە دەکات.
یۆهان فادەفوڵ، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا، لەبارەی هەڵوێستی پەرلەمانی ئێران بۆ بە تیرۆریست ناساندنی سوپای وڵاتانی ئەوروپا رایگەیاند، بڕیارەکە کاردانەوەیە و هیچ بنەمایەکی یاسایی نییە.
وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا گوتیشی: بە تیرۆریست ناساندنی سوپای وڵاتانی ئەوروپا لەلایەن ئێرانەوە هیچ شتێک لە واقیع ناگۆڕێت و هەنگاوێکی هەڵەی دوژمنکارانەیە و ئەڵمانیا بەتوندی سەرکۆنەی دەکات.
فادەفوڵ، جەختیشی کردەوە؛ ئەڵمانیا و ئەوروپا بەردەوام دەبن لە پشتیوانیی گەلانی ئێران.
ئەمە لەکاتێکدایە، رۆژی یەکشەممەی رابردوو، پەرلەمانی ئێران، وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بڕیاری یەکێتیی ئەوروپا بە خستنی سوپای پاسدارانی ئێران لە لیستی تیرۆر، سوپای وڵاتانی یەکێتیی ئەوروپای خستە لیستی تیرۆرەوە.