سپەیس ئێکس گورزێک لە تەکنەلۆژیای رووسیا دەدات

(وێنە؛ یەکێک لەو وێستگانەی کارەبا کە بەهۆی بۆردومانی ڕووسیا زیانی پێگەیشتووە)
(وێنە؛ یەکێک لەو وێستگانەی کارەبا کە بەهۆی بۆردومانی ڕووسیا زیانی پێگەیشتووە)

ئیلۆن ماسک، ملیاردێری ئەمریکی و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای سپەیس ئێکس، رایگەیاند؛ کۆمپانیاکەی سەرکەوتوو بووە لە لاوازکردنی تواناکانی سوپای رووسیا بۆ بەکارهێنانی بێ مۆڵەتی سیستەمی مانگی دەستکردی ستارلینک. 

ماسک لە رێگەی پلاتفۆرمی ئێکسەوە ئاماژەی بەوە کرد؛ رێوشوێنە نوێیەکانی کۆمپانیاکە بە روونی بووەتە هۆی پچڕانی هێڵی پەیوەندیی ئەو درۆنانەی رووسیا کە ستارلینکیان بەکارهێناوە. گوتی: "پێدەچێت ئەو هەنگاوانەی بۆ راگرتنی بەکارهێنانی نایاسایی ستارلینک لەلایەن رووسیاوە گرتوومانەتە بەر، سوودی هەبووبێت."

لەم چوارچێوەیەدا، میخای فیدۆرۆڤ، وەزیری بەرگریی ئۆکرانیا، هاوکاریی لەگەڵ سپەیس ئێکس راگەیاند بۆ چەسپاندنی سەروەری تەکنەلۆژی بەسەر ئاسمانی وڵاتەکەیدا. فیدۆرۆڤ ئاماژەی بەوە کرد؛ پرۆتۆکۆڵێکی ئەمنی نوێ جێبەجێ دەکرێت کە پشتبە سنووردارکردنی جوگرافی دەبەستێت، بە جۆرێک تەنیا ئەو ئامێرانە کار بکەن کە بە فەرمی لەلایەن ئۆکرانیاوە تۆمار کراون.

بەگوێرەی هەڵسەنگاندنە مەیدانییەکان، سوپای رووسیا ئەو ئامێرانەی لە رێگەی دزین و دەستبەسەرداگرتن لە ناوچە داگیرکراوەکان دەستکەوتووە و دواتر دووبارە بەرنامەی بۆ داڕشتوونەتەوە. ئەمەش پێشێلکردنی راشکاوی سیاسەتی سپەیس ئێکسە کە بەکارهێنانی تەکنەلۆژیاکەی لە ئۆپەراسیۆنە هێرشبەرییەکاندا قەدەغە کردووە.

پێشتر کیێڤ راپۆرتێکی فەرمی بڵاوکردبووەوە؛ تێیدا هاتبوو هێزەکانی رووسیا وەرگرەکانی ستارلینکیان هاک کردووە بۆ درێژکردنەوەی مەودای هێرشە درۆنییەکانی جۆری (BM-35) لە قووڵایی خاکەکەیدا.

ستارلینک لە سەرەتای جەنگەوە لە شوباتی 2022، وەک دەمارێکی سەرەکی بۆ پەیوەندییە سەربازییەکانی ئۆکرانیا ماوەتەوە و بەرپرسانی کیێڤ بە چەکێکی نەبینراو وەسفی دەکەن کە رێگری لە داڕمانی ژێرخانی زانیاری وڵاتەکە کردووە.