بەقایی: وەزارەتی دەرەوەی ئێران، باڵیۆزانی سەرجەم وڵاتە ئەوروپییەکان بانگ دەکات

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران
ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران

ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کونفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، دوێنێ و ئەمڕۆ باڵیۆزانی هەموو ئەو وڵاتانەی لە تاران باڵیۆزخانەیان هەیە، بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگ کران.

دووشەممە، 02 شوبات، 2026، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کونفراسنێکی ڕۆژنامەوانیدا، ڕایگەیاند "دەزگای دیپلۆماسی بە جدی و بە بەرپرسیارێتییەوە بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی ئێران و پاراستنی ئاشتی و سەقامگیری ناوچەکە لە هەوڵدا بووە. ئەو پەیوەندییانەی لە ئاستی باڵادا لە نێوان سەرۆککۆمارەکاندا کراون و پەیوەندییەکانی وەزیری دەرەوە و ئەو سەردانانەی کە کران، گۆشەیەک بوون لە هەوڵەکانی دەزگای دیپلۆماسی بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکانی ئێران."

هەنگاوەکەی یەکێتیی ئەوروپا هەڵەیەکی ستراتیجی بوو

بەقایی، سەبارەت بە کاردانەوە بەرامبەر بە هەنگاوی دژە ئێرانی یەکێتی ئەوروپا لە ناساندنی سوپای پاسداران وەک تیرۆریست، گوتی: ئەمڕۆ و دوێنێ باڵیۆزانی هەموو وڵاتە ئەوروپییانەی کە لە تاران باڵیۆزخانەیان هەیە، بۆ وەزارەتی دەرەوە بانگ کران؛ ئەمە کەمترین هەنگاوە و کۆمەڵێک ڕێوشوێنی دیکە لەژێر لێکۆڵینەوەدان. بژاردە جیاوازەکان داڕێژراون و رەوانەی دامەزراوەکان کراون و لە رۆژانی داهاتوودا بڕیاریان لەسەر دەدرێت.

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، گوتیشی: ئەم هەنگاوەی یەکێتیی ئەوروپا سووکایەتییە بە ئێران و هەڵەیەکی ستراتیژی بوو. ئەگەر یەکێتیی ئەوروپا وا بیر دەکاتەوە ئەم کارە لە پێناو خۆشیرینکردنە بۆ ئەمریکا، ئەوا هەڵەیەکی گەورەیان کردووە.

سەرقاڵی تاوتوێکردنی شێوازی دانوستانەکانین

 گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە راپۆرتی میدیاکان سەبارەت بە قسەکانی ترەمپ بۆ دانوستان و هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، گوتی: لە ماوەی 10 ساڵی رابردوودا ئێمە ئەزموونی دووبارەمان هەیە لە پەیمانشکێنیی ئەمریکا و جێبەجێنەکردنی بەڵێن؛ وەک ئەوەی لە مانگی ئایاری رابردوودا رووی دا و بە دڵنیاییەوە ئەم ئەزموونەمان بە هەرزان بەدەست نەهێناوە. لە هەمان کاتدا ئێران نیشانی داوە کە لە بەکارهێنانی شێوازی دیپلۆماسی بۆ بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییە نەتەوەییەکان و پاراستنی ئاشتی و ئاسایش لە ناوچەکەدا، پێداگرە. سەبارەت بەوەی کە شێوازی دانوستانەکان چۆنە؟ بە هاوکاری وڵاتانی نێوەندگیر، خاڵی جیاواز ئاڵوگۆڕ کراون و ئێمە سەرقاڵی تاوتوێکردنی وردەکارییەکانین. 

بەڵگەنامەکەی جێفری ئیپستین 

بەقایی، سەبارەت بە بڵاوبوونەوەی بەڵگەنامەی نوێ لەسەر جێفری ئیپستین و پەیوەندی ئەم پرسە بە دانوستانەکان لەگەڵ ئێراندا، گوتی: ناکرێت ئەمە رای فەرمی لەسەر بدرێت. لە ئاستی میدیادا سەبارەت بە پەیوەندی ژمارەیەکی زۆر لە سیاسەتمەداران بەم دۆسیەیەوە باس کراوە. من لە پێگەی رەتکردنەوە یان پشتڕاستکردنەوەدا نیم، بەڵام بێگومان بابەتێکی گرنگە. 

ئامانجی دانوستانەکان و هەڵگرتنی سزاکان

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، سەبارەت بە ئامانجی دانوستانەکان و هەڵگرتنی سزاکان، گوتی: بە دڵنیاییەوە هەڵگرتنی سزاکان ئەولەویەتێکی سەرەکییە. هەر ئەم دواییانە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەمان، راشکاوانە گوتی کە پرسی ئەتۆمی بیانوویەکە چەندان ساڵە وەک بنەمایەک بۆ سەپاندنی شەڕ بەسەر ئێراندا، خراپ بەکار هێنراوە. لە بەرانبەر متمانە دروستکردن سەبارەت بە ماهییەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی ئێران. بێگومان، داواکاری ئێمە هەڵگرتنی سزا ستەمکارانەکانە.