هەرێم کەمال ئاغا: شیعەکان هۆکاری دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمارن

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات، بەشێک لە شیعە و سوننەکان نایانەوێت دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار راستەوخۆ نووری مالیکی بۆ پێکهێنانی حکوومەت رابسپێردرێت، بەڵکوو دەیانەوێت کات بە لایەنەکان بدرێت تا رەزامەندیی نێودەوڵەتی لەسەر وەردەگیرێت.

دووشەممە 2ـی شوباتی 2026، هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند، پرسی دواکەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار تەنیا پەیوەست نییە بە کوردەوە، بەڵکوو ناکۆکیی نێوان لایەنە شیعەکانیش هۆکارێکی سەرەکییە بۆ ئەوەی تا ئێستا سەرۆککۆمار هەڵنەبژێردرێت.

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی ئاماژەی بەوەش دا، لەناو هەندێک لە هێزە شیعە و سوننەکاندا بۆچوونێک هەیە کە دوای هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار، راستەوخۆ نووری مالیکی رانەسپێردرێت بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت.

روونیشی کردەوە، ئەو لایەنانە دەیانەوێت ماوەیەک بدەن بە گفتوگۆکان بۆ ئەوەی ئەو کاندیدەی دەبێتە سەرۆک وەزیران، رەزامەندیی هەموو لایەک و لایەنە نێودەوڵەتییەکانیشی لەسەر بێت، ئینجا فەرمانی راسپاردنی بۆ دەربکرێت.