شاندێکی ئەنەکەسە لەگەڵ شەیبانی کۆبوونەوە
شاندێکی ئەنەکەسە بە سەرۆکایەتی محەممەد ئیسماعیل لەگەڵ وەزیری دەرەوەی سووریا کۆبوونەوە، لە کۆبوونەوەکە دا جەخت لە مافەکانی هاووڵاتییانی کورد لە وڵاتەکە دا کرا.
ئەمڕۆ دووشەممە، 2ـی شوباتی 2026، ئەسعەد شەیبانی، وەزیری دەرەوەی سووریا، پێشوازی لە شاندێکی ئەنجوومەنی نیشتمانیی کورد (ئەنەکەسە) کرد.
شاندەکەی ئەنەکەسە لەلایەن محەممەد ئیسماعیل سەرۆکایەتی دەکرا و لە میانی دیدارەکەدا جەخت لەسەر یەکپارچەیی و سەقامگیری ئاسایشی ناوخۆی سووریا و سنوورەکانی کرایەوە.
وەزیری دەرەوەی سووریا جەخت لە مافەکانی هاووڵاتیانی کورد لە سووریا کردەوە، بە شێوەیەک مافی هەموو هاووڵاتییان تێدا پارێزراوبێت.
هەروەها ئەوەش راگەیەنراوە، شاندەکە پێشوازییان لە مەرسوومی سەرۆکایەتیی ژمارە 13ـی کرد وەک هەنگاوێکی گرنگ بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی.
پێشتر سلێمان ئۆسۆ ئەندامی سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە بە کوردستان24ی راگەیاندبوو، نووسینگەی وەزیری دەرەوەی سووریا پەیوەندییان پێوەکردووە و داوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکایەتیی ئەنەکەسە کردووە.
گوتیشی: ئەنەکەسە بە مەبەستی دەربڕینی بۆچوونە سیاسییەکانی خۆی و داواکارییەکانی گەلی کورد لە دیمەشق، ئەو بانگهێشتنامەیەی قبووڵ کردووە.