باخچەلی داوای ئازادکردنی ئۆجەلان دەکات
دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزووتنەوەی نەتەوەیی (مەھەپە)، لە هەڵوێستێکی نوێدا داوای ئازادکردنی عەبدوڵڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستانی کرد.
هاوکات، تونجەر باکرهان، هاوسەرۆکی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)، جەختی لەوە کردەوە کە هەوڵەکانی ئۆجەلان رۆڵی سەرەکییان هەبووە لە رێگریکردن لە هەڵگیرسانی جەنگێکی خوێناوی لە نێوان کورد و عەرەبدا لە ناو خاکی سووریادا.
باخچەلی ئاماژەی بەوە کرد، کاتی ئەوە هاتووە رێکارە یاساییەکان بۆ مافی هیوا جێبەجێ بکرێن تاوەکو ئۆجەلان بتوانێت لە زیندان ئازاد بێت.
ئەم داوایەی سەرۆکی مەھەپە وەک گۆڕانکارییەکی گرنگ لە سیاسەتی ناوخۆیی تورکیا دەبینرێت، چونکە ناوبراو پێشتر یەکێک بووە لە نەیارە سەرسەختەکانی هەر جۆرە نەرمییەک بەرانبەر بە ئیمرالی، بەڵام ئێستا ئازادکردنی ئۆجەلان وەک هەنگاوێک بۆ کۆتاییهێنان بە ململانێکان و کردنەوەی ئاسۆیەکی نوێ بۆ ئاشتی دەبینێت.
لەلایەکی دیکەوە، تونجەر باکرهان ستایشی دیدگا سیاسییەکانی عەبدوڵڵا ئۆجەلانی کرد و ڕایگەیاند: ئەو سەقامگیرییەی لە ناوچە کوردنشینەکانی سووریا هەیە، بەرهەمی ئەو فەلسەفەیەیە کە رێگری لە پێکدادانی پێکهاتەکان کردووە.
باکرهان جەختی کردەوە، پەیڕەوکردنی پڕۆژەی ئۆجەلان تاقە رێگەی مسۆگەرە بۆ گەیشتن بە دیموکراسی و پاراستنی مافەکان و چەسپاندنی ئاشتییەکی بەردەوام لە تەواوی ناوچەکەدا، بە جۆرێک کە هەموو گەلان بە یەکسانی تێیدا بژین.
چەمکی مافی هیوا، بەو مانا یاساییە دێت کە ئەو زیندانیانەی سزای زیندانی هەتاهەتاییان بەسەردا سەپێنراوە، دوای تێپەڕبوونی ماوەیەکی دیاریکراو و بەهۆی هەڵکشانی تەمەنیان، مافی ئەوەیان هەبێت دووبارە بە سزاکانیاندا بچێتەوە و ئازاد بکرێن. عەبدوڵڵا ئۆجەلان کە لە ساڵی 1999ـەوە لە زیندانی دوورگەی ئیمرالی دەستبەسەرە، ئێستا وەک کلیلێکی سەرەکی بۆ هەر جۆرە پڕۆسەیەکی ئاشتی لە تورکیا و باکووری سووریا دەبینرێت، ئەم لێدوانە هاوکاتانەی باخچەلی و باکرهان لە کاتێکدایە کە ناوچەکە بە گۆڕانکاریی سیاسیی خێرا تێدەپەڕێت و هەوڵەکان بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دۆزی کورد چڕتر بوونەتەوە.