ئەبوزەبی میوانداری دانوستانەکانی ئۆکرانیا و رووسیا دەکات
بڕیارە ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ـی شوباتی 2026، دووەمین گەڕی دانوستانی نێوان نوێنەرانی ئۆکرانیا و رووسیا بە ناوبژیوانی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ئەبوزەبی دەستپێبکات.
دانوستانەکان بە بەشداریی شاندی باڵای هەردوو وڵات بەڕێوەدەچێت؛ شاندی ئۆکرانیا لەلایەن رۆستەم عومەرۆڤ، سکرتێری ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانییەوە سەرپەرشتی دەکرێت، و شاندی رووسیاش لەلایەن ئیگۆر کۆستیوکۆڤ، بەڕێوەبەری هەواڵگری سەربازییەوە نوێنەرایەتی دەکرێت. لایەنی ئەمریکی کە وەک ناوبژیوان لە کۆبوونەوەکەدا ئامادەیە، لەلایەن ستیڤ ویتکۆف، نێردراوی تایبەتی دۆناڵد ترەمپەوە سەرپەرشتی دەکرێت.
لە ناوخۆی ئۆکرانیادا، رای گشتیی بە گومانەوە دەڕوانێتە ئەنجامی کۆبوونەوەکانی ئەبوزەبی. لە کاتێکدا رووسیا نزیکەی سەدا 20ـی خاکی وڵاتەکەیانی لەژێر دەستدایە، هاووڵاتیان دژی هەر سازشێکن لەسەر خاک. پترۆ، دانیشتوویەکی شاری کیێڤ، بۆ ئاژانسی (AFP) دەڵێت: "ئەم کۆبوونەوانە تەنیا نمایشە، ئێمە دەبێت خۆمان بۆ خراپترین ئەگەرەکان ئامادە بکەین."
ئەم گەڕەی دانوستان وەک تاقیکردنەوەیەکی جیددی بۆ ئیرادەی نێودەوڵەتی لەپێناو راگرتنی شەڕ لە ئەوروپای رۆژهەڵات سەیر دەکرێت، لە کاتێکدا هەردوولا هێشتا لە گۆڕەپانی جەنگدا لە هەوڵی بەدەستهێنانی دەستکەوتی زیاتردان.
دەستپێکردنەوەی ئەم گفتوگۆیانە لە کاتێکدایە، رووسیا لە چەند کاتژمێری رابردوودا توندترین هێرشی مووشەکی و درۆنی کردووەتە سەر ژێرخانی وزەی ئۆکرانیا، ئەمەش بووەتە هۆی پچڕانی کارەبا و سیستەمی گەرمی لە زۆربەی ناوچەکان. ڤۆلۆدیمێر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گومانی خۆی لە نییەتی مۆسکۆ دەربڕی و رایگەیاند: "ئەم هێرشانە سەلمێنەری ئەوەن مۆسکۆ هێشتا گرەو لەسەر وێرانکاری دەکات و بۆچوونی بۆ دیپلۆماسی نەگۆڕاوە."
بەربەستی سەرەکی بەردەم هەر جۆرە رێککەوتنێک، پرسی خاکی ئۆکرانیایە. مۆسکۆ وەک مەرجێکی پێشوەختە داوای کشانەوەی تەواوی هێزەکانی ئۆکرانیا لە ناوچە ستراتیژییەکانی دۆنباس دەکات و جەخت لەسەر دانپێدانانی نێودەوڵەتی بەو زەویانەدا دەکاتەوە کە کۆنتڕۆڵی کردوون. لە بەرامبەردا، کیێڤ هەر جۆرە کشانەوەیەکی یەکلایەنە رەتدەکاتەوە و تەنیا لەگەڵ وەستاندنی جەنگ لەسەر هێڵەکانی ئێستای شەڕدایە.
جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکرانیا لە 24ی شوباتی 2022 دەستیپێکرد و دوا هەنگاوی ئاگربەست پێنجشەممەی رابردوو بوو لە ئەبوزەبی بە نێوەندگیری ئەمریکا و وەزارەتی دەرەوەی رووسیا لە کاردانەوەیەکدا سەبارەت بە بەڕێوەچوونی گفتوگۆکان جەختی کردەوە، چارەسەرکردنی ململانێی ئۆکرانیا پێویستی بە بنبڕکردنی هۆکارە بنەڕەتییەکان هەیە.وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، کیێڤ و ئەوروپا هەوڵ دەدەن لەبری باسکردنی پرسە سەرەکییەکانی پەیوەست بە واقیعی ناوچەیی و هۆکارە راستەقینەکانی ململانێکە، بابەتەکە بە ئاراستەی گفتوگۆکردن لەسەر قۆناغی دوای کۆتاییهاتنی شەڕ ببەن، وەک پرسی پێدانی گەرەنتی ئەمنی و بووژانەوەی ئابووری.