بڕیاری کۆتایی لەبارەی مالیکی دەدرێت
چوارچێوەی هەماهەنگی شیعەکان ئەمڕۆ چوارشەممە، 4ی شوباتی 2026، کۆبوونەوەیەکی چارەنووسساز ئەنجام دەدات بۆ یەکلاییکردنەوەی مانەوە یان گۆڕینی کاندیدەکەیان بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران، نووری مالیکی.
بەگوێرەی رۆژنامەی "سەباح"ی نیمچەفەرمی، کۆبوونەوەکە تاوتوێی ئەنجامی سەردانی شاندێکی باڵای چوارچێوەکە بۆ هەرێمی کوردستان و گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات.
خاڵی سەرەکیی کۆبوونەوەکە بریتییە لە بڕیاردان لەسەر ئەوەی کە ئایا نووری مالیکی وەک کاندیدی کۆتایی دەمێنێتەوە، یان لە ژێر کاریگەریی هۆشدارییە توندەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کەسێکی دیکە رادەسپێردرێت. سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن، رای جیاواز لەناو هاوپەیمانێتییەکەدا هەیە و هێشتا بڕیاری کۆتایی لەسەر گۆڕینی مالیکی نەدراوە.
چوارچێوەی هەماهەنگی لە 24ی کانوونی دووەمی 2026، بە زۆرینەی دەنگ نووری مالیکی وەک کاندیدی فەرمی خۆی بۆ پۆستی سەرۆک وەزیران دیاری کرد. ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای "ئەزموونی سیاسی و کارگێڕی" مالیکی بوو، کە پێشتر دوو خول سەرۆکایەتیی حکوومەتی عێراقی کردووە (2006-2014). بەڵام ئەم کاندیدکردنە دەستبەجێ رووبەڕووی دژایەتیی توندی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بووەوە.
دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە پەیامێکدا کاندیدکردنەوەی مالیکی بە "هەڵەیەکی زۆر خراپ" وەسف کرد و هەڕەشەی بڕینی تەواوی هاوکارییەکانی واشنتنی بۆ عێراق کرد ئەگەر مالیکی بگەڕێتەوە دەسەڵات. ئەم هەڵوێستەی ترەمپ کاردانەوەی جیاوازی لێکەوتەوە؛ لە کاتێکدا چوارچێوەی هەماهەنگی بە "دەستوەردانی ئاشکرا" لە کاروباری ناوخۆی عێراقدا وەسفی کرد و جەختیان لەسەر بەردەوامبوونی کاندیدەکەیان کردەوە، لە هەمان کاتدا بووەتە هۆی دروستبوونی فشارێکی گەورە لەسەر پرۆسە سیاسییەکە.
هەڵوێستی مالیکی و سیناریۆکانی داهاتوو
نووری مالیکی لە نوێترین دەرکەوتنیدا لە دیدارێکی تەلەڤیزیۆنیدا رایگەیاند، رێز لە بڕیاری چوارچێوەی هەماهەنگی دەگرێت و ئامادەیە پابەند بێت پێوەی. ئەو، مەرجێکی دانا و گوتی: "ئەگەر دوو لەسەر سێی ئەندامانی چوارچێوەکە (واتە 8 سەرکردە لە کۆی 12) بڕیاری گۆڕینم بدەن، بەوپەڕی رێزەوە قبووڵی دەکەم".
مالیکی هەروەها سوپاسی محەممەد شیاع سوودانی کرد بۆ کشانەوەی لە کێبڕکێکە، کە بە "سوپرایزێکی گەورە" وەسفی کرد. سەبارەت بە نیگەرانییەکان لەبارەی گروپە چەکدارەکان، دڵنیایی دا کە نیازی هیچ ئۆپەراسیۆنێکی سەربازی نییە و تەنیا دەیەوێت چەک لە دەستی دەوڵەتدا قەتیس بکرێت.
دەربارەی هێرشەکانی ترەمپ، مالیکی پێی وایە، زانیاریی هەڵە و چەواشەکارانە گەیشتووەتە سەرۆکی ئەمریکا و ئاماژەی بە دەنگۆیەک کرد کە رەنگە تویتەکەی ترەمپ "لەناوخۆی عێراق و بە دەستی عێراقییەکان" نووسرابێت. لەگەڵ ئەوەی کە جەختی لە رەتکردنەوەی دەستوەردانی دەرەکی کردەوە، گرنگیی پاراستنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ واشنتن دووپات کردەوە.
کۆبوونەوەی ئەمڕۆی چوارچێوەی هەماهەنگی وەک خاڵێکی وەرچەرخان چاوی لێدەکرێت. بڕیاری کۆتایی نەک تەنیا چارەنووسی سیاسیی نووری مالیکی دیاری دەکات، بەڵکو کاریگەرییەکی راستەوخۆی لەسەر نەخشەی سیاسیی داهاتووی عێراق و هاوسەنگیی هێزە ناوخۆیی و هەرێمییەکان دەبێت.