ئەمریکا، رووسیا و چین لە کێبڕکێیەکی ئەتۆمیی بێ بەربەستدا
لەگەڵ کۆتاییهاتنی ماوەی پەیماننامەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی لە نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و رووسیا، رەنگە جیهان لە مەترسیدارترین قۆناغەکانی سەرهەڵدانەوەی پێشبڕکەی چەکی ئەتۆمیدا بێت لە دوای سەردەمی جەنگی ساردەوە.
چوارشەممە، 4ـی شوبات، 2026، رۆژنامەی 'تایمز"ی بەریتانی لە راپۆرتێکدا نووسیویەتی "سبەینێ پێنجشەممە، ماوەی پەیماننامەی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمیی لە نێوان رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکان کۆتایی دێت، ئەمەش نیگەرانییەکان لەبارەی رووبەڕووبوونەوەی ئەتۆمی یان هەڵسەنگاندنی هەڵەی کارەساتبار لە سایەی زیادبوونی ناسەقامگیریی جیهانیدا، دروست دەکات.
بە گوێرەی رێککەوتننامەی 'ستارتی نوێ' کە ساڵی 2010 لەلایەن باراک ئۆباما سەرۆکی پێشووتری ئەمریکا و دیمتری مێدڤێدێڤ، سەرۆکی ئەوکاتی رووسیا، مۆر کرا. رووسیا و ویلایەتە یەکگرتووەکانی پابەند کرد بە کۆکردنەوەی هەزار و 550 کڵاوەی ئەتۆمیی ستراتیجی. هەر کڵاوەیەک، توانای وێرانکردنی شارێکی تەواوی هەیە.
رێککەوتننامەکە، ژمارەی بۆمبهاوێژ و مووشەکهاوێژە ئەتۆمییەکانی سنووردار کرد و رێگەی بە هەر وڵاتێک دا پشکنینی مەیدانی ئەنجام بدەن بۆ دڵنیابوونەوە لە پابەندبوون بە بەندەکانی رێککەوتننامەکە.
ئۆباما، دوێنێ سێشەممە، رایگەیاند "کۆتاییهێنان بە کۆتا پەیماننامەی سنووردارکردنی چەک لە نێوان دوو گەورەترین هێزە ئەتۆمییەکەی جیهان "بە ئاسانی بەرەنجامی دەیان ساڵ هەوڵی دیپلۆماسی لەناودەبات و رەنگە پێشبڕکێیەکی نوێی چەکداری هەڵبگیرسێنێت کە ئاسایشی جیهان بخاتە مەترسییەوە."
مێدڤێدێڤ، کە لە ساڵانی رابردوودا بووەتە یەکێک لە (هەڵۆ) توندڕەوەکانی مۆسکۆ، گوتی: کۆتاییهاتنی رێککەوتننامەکە مایەی نیگەرانیی هەموو لایەکە.
هەرەسهێنانی پەیماننامەی "ستارتی نوێ" بەو واتایە دێت کە بۆ یەکەمجار لە ماوەی نیو سەدەدا، هیچ سنووردارکردنێک لەسەر کڵاوە ئەتۆمییە جەنگییە ستراتیجییەکانی رووسیا و ئەمریکا نامێنێت و تا ئێستاش هیچ دانوستانێکیش بۆ گەیشتن بە رێککەوتننامەیەکی نوێ، لە ئارادا نییە.
سێرگی ریابکۆڤ، جێگری وەزیری دەرەوەی رووسیا، دوێنێ سێشەممە، گوتی: ئەمە سات و واقیعێکی نوێیە و ئێمە خۆمان بۆی ئامادە کردووە.
دیمتری پێسکۆڤ، وتەبێژی کرێملنیش هۆشداری دا لەوەی کۆتاییهاتنی پەیماننامەکە، وا دەکات کە جیهان رووبەڕووی دۆخێکی مەترسیدارتر ببێتەوە.

جۆرجیا کۆڵ، شارەزا لە بواری سنووردارکردنی چەک لە سەنتەری توێژینەوەی چاتام هاوس لە لەندەن، دەڵێت: لاموایە ئێمە بە دڵنیاییەوە لە مەترسیدارترین قۆناغدا دەژین لە دوای جەنگی ساردەوە. ئێمە لە قۆناغێکداین کە بێمتمانەیی، نەبوونی شەفافییەت و ئەگەری راستەقینەی هەڵەکردن لە هەڵسەنگاندن یان پەرەسەندنەکان، باڵی بەسەردا کێشاوە. کۆتاییهاتنی پەیماننامەی 'ستارتی نوێ' بەبێ بوونی جێگرەوەیەک مەرج نییە بەو واتایە بێت کە دەچینە ناو پێشبڕکێیەکی نوێی چەکداری یان پەرەسەندنێکی نوێی قەیرانەکە، بەڵام ئەم ئەگەرە لە ئارادایە.
ساڵی 2023، ڤلادیمیر پوتن، سەرۆکی رووسیا، بەشداریی رووسیای لە سیستەمی پشکنینی هاوبەشی پەیماننامەی "ستارتی نوێ" هەڵپەسارد، ئەمەش بەهۆی گرژییەکانی پەیوەست بە جەنگی ئۆکرانیاوە. لە وەڵامدا، ویلایەتە یەکگرتووەکان ناردنی زانیارییەکانی بۆ مۆسکۆ دەربارەی شوێنی مووشەک و سەکۆکانی هەڵدانی مووشەکەکان راگرت. بەڵام ئەوەی جێگەی سەرنج بوو، رووسیا و ئەمریکا یەکتریان بە بەزاندنی سنووری پەیماننامەکە سەبارەت بە کڵاوە جەنگییەکان، تۆمەتبار نەکرد.
لە مانگی ئەیلوولدا، پوتن پێشنیاری درێژکردنەوەی سنووردارکردنەکانی "ستارتی نوێ"ی لەسەر مووشەکە بڵاوکراوەکان بۆ ساڵێکی دیکە کرد. بەڵام هیچ وەڵامێکی فەرمی لە ویلایەتە یەکگرتووەکانەوە نەبوو و کاتێک مانگی رابردوو پرسیار لە سەرۆک ترەمپ کرا دەربارەی نزیکبوونەوەی کۆتاییهاتنی پەیماننامەکە، گوتی: ئەگەر ماوەکەی بەسەرچوو، کەواتە تەواو بووە. ئێمە رێککەوتنێکی باشتر دەکەین.
ترەمپ، رایگەیاندووە کە دەیەوێت هەر رێککەوتنێکی ئەتۆمیی نوێ، چین و جبەخانە ئەتۆمییەکەیشی بگرێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، پەکین رایگەیاندووە کە نایەتە ناو دانوستانەکانی سنووردارکردنی چەکی ئەتۆمی، تاوەکوو نەگاتە یەکسانیی ئەتۆمی لەگەڵ مۆسکۆ و واشنتن.
سەرەڕای ئەوەی شی جین پینگ، سەرۆکی چین، سەرپەرشتی زیادبوونێکی زەبەلاحی لە جبەخانەی ئەتۆمی وڵاتەکەی کردووە، بەڵام تا ئێستا چین، تەنیا خاوەنی نزیکەی 600 کڵاوەی جەنگییە، لەکاتێکدا ویلایەتە یەکگرتووەکان خاوەنی سێ هەزار 700 کڵاوەی جەنگیی چالاکە، و رووسیا خاوەنی زیاتر لە چوار هەزار 300 کڵاوەیە.
لین جان، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی چین، دوێنێ سێشەممە، گوتی: لەم قۆناغەدا، داواکردنی پەیوەستبوونی چین بە دانوستانەکانی داماڵینی چەکی ئەتۆمی نە دادپەروەرانەیە و نە لۆژیکییە.
تۆماس کانتریمان، بەرپرسی پێشووی سنووردارکردنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا، کە ئێستا سەرۆکایەتیی دەستەی کارگێڕی کۆمەڵەی سنووردارکردنی چەک دەکات، رایگەیاند "هەلێکی کەم هەیە ئیدارەی ترەمپ بتوانێت پەیماننامەیەکی نوێ ببەستێت کە چین لەخۆبگرێت، بەڵام دوورە لە راستییەوە. سیناریۆی هەرە بەهێز ئەوەیە کە رووسیا و چین بەردەوام بن لە پەرەپێدانی کڵاوەی جەنگیی نوێ و سەکۆی هەڵدانی مووشەکەکان."

شرۆڤەکاران، هۆشداری دەدەن کە پلانەکانی ترەمپ بۆ بڵاوکردنەوەی سیستەمی بەرگریی 'گومەزی زێڕین' لە گرینلاند، دۆخەکە ئاڵۆزتر دەکات و چین و رووسیا هان دەدات بۆ پەرەپێدانی چەکی ئەتۆمیی پێشکەوتووتر.
جێی ئاماژەیە پرۆژەی 'گومەزی زێڕین' کە ترەمپ رایگەیاندووە، لە بەرنامەی 'جەنگی ئەستێرەکان' دەچێت کە رۆناڵد ریگان، سەرۆکی ئەودەمی ئەمریکا بۆ پاراستنی ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی مووشەکە ئەتۆمییەکانی سۆڤیەت دەستی پێکرد. سەرەڕای ئەوەی بەرنامەکە جێبەجێ نەکرا، بەڵام ریگان بانگەشەی ئەوەی کرد کە پەرەپێدانی ئەم سیستەمە بووەتە هۆی ئەوەی مۆسکۆ ناچار ببیت دان بەوەدا بنێت کە توانای نییە بەرەنگاری توانای ئەتۆمیی ئەمەریکا ببێتەوە، ئەمەش بەشداربوو لە زنجیرەیەک رووداو کە دواجار بووە هۆی هەڵوەشانەوەی یەکێتی سۆڤیەت.
وتاری ئەتۆمیی رووسیا، جیاوازییەکی بنەڕەتی هەیە لەوەی لە سەردەمی جەنگی سارددا هەبوو. بەرپرسانی رووسیا، لەنێویاندا پوتن و میدیاکانی دەوڵەت، لە سەرەتای جەنگی ئۆکرانیاوە دەیان هەڕەشەی ئەتۆمییان دژی رۆژئاوا کردووە. لەکاتێکدا زۆرجار وەک هەوڵێک بۆ کۆکردنەوەی رای گشتی لە ئەوروپا و ویلایەتە یەکگرتووەکان دژی پشتیوانی حکوومەتەکانیان بۆ کیێڤ سەیری ئەم لێدوانانە دەکرێت.
شرۆڤەکاران لایانوایە "باشترین شت کە بتوانین لە مەودای مامناوەنددا هیوای بۆ بخوازین، بریتییە لە کەمکردنەوەی جبەخانە ستراتیجییەکان. ئەگەر ژمارەی چەکەکان بۆ کەمتر لە سەدان، کەم ببێتەوە، ئەوا لانی کەم تووشی زستانی ئەتۆمی و کۆتایی شارستانییەت نابینەوە. لەوانەیە، بە ئەگەرێکی زۆرەوە، لە جەنگی ئەتۆمیی داهاتوودا، سەدان ملیۆن کەس لەناوبچن، بەڵام نابێتە هۆی کۆتایی رەگەزی مرۆڤ."