جگە لە کەمخەوی پێنج هۆ مرۆڤ تووشی خەواڵوویی دەکەن

هەستکردن بە ماندوییەتی بەردەوام هەمیشە پەیوەندی بە کەمخەوی، یان فشاری کارەوە نییە، بەڵکو لە زۆرجار هۆکەی بۆ کەمیی چەند ڤیتامین و کانزایەکی سەرەکی دەگەڕێتەوە کە جەستە بۆ بەرهەمهێنانی وزە و پاراستنی فرمانە زیندووەکانی پێویستی پێیانە.

بەگوێرەی راپۆرتێکی ماڵپەڕی تەندروستی "Very Well Health"، پێکهاتە خۆراکییە وردەکان رۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن لە پاڵپشتیکردنی کۆئەندامی دەمار، ماسولکەکان، بەرگری و میتابۆلیزم. کاتێک ئاستی ئەم پێکهاتانە دادەبەزێت، راستەوخۆ کار دەکاتە سەر ئاستی چالاکی و سەرنجدانی مرۆڤ. لێرەدا ئاماژە بە 5 رەگەزی سەرەکی کراوە کە کەمییان دەبێتە هۆی ماندوێتی:

1. مەگنیسیۆم
مەگنیسیۆم کانزایەکی بنەڕەتییە و بەشدارە لە سەدان کارلێکی کیمیایی ناو جەستە، بەتایبەت ئەوانەی پەیوەندییان بە بەرهەمهێنانی وزەوە هەیە. هەروەها یارمەتی رێکخستنی کۆئەندامی دەمار و کارکردنی ماسولکەکان دەدات. کەمیی مەگنیسیۆم دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتی بەردەوام، گرژبوونی ماسولکەکان، تێکچوونی خەو و گۆڕانی میزاج.

2. ئاسن
ئاسن کانزایەکی زۆر گرنگە بۆ دروستکردنی "هیمۆگلۆبین"، ئەو پرۆتینەی کە ئۆکسجین لە ناو خوێندا دەگوازێتەوە. کاتێک ئاستی ئاسن دادەبەزێت، گەیشتنی ئۆکسجین بۆ خانەکان کەم دەبێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی هەستکردن بە ماندوێتییەکی زۆر، سەرئێشە، تەنگەنەفەسی و کەمبوونەوەی سەرنج.

3. ڤیتامین B12
ئەم ڤیتامینە یارمەتی دروستبوونی خانەکانی خوێن و پاڵپشتیکردنی کۆئەندامی دەمار دەدات. کەمیی ئەم ڤیتامینە زیاتر لەو کەسانەدا دەردەکەوێت کە رووەکخۆرن، چونکە زیاتر لە بەرهەمە ئاژەڵییەکاندا هەیە. نیشانەکانی کەمیی ئەم ڤیتامینە بریتین لە: ناڕوونیی بیرکردنەوە، سڕبوونی پەلەکان و خەواڵوویی.

4. ڤیتامین D
رۆڵی ڤیتامین D تەنیا بۆ تەندروستی ئێسک نییە، بەڵکو بۆ پاڵپشتیکردنی کۆئەندامی بەرگری و میزاجیش گرنگە. ئەم ڤیتامینە بە "ڤیتامینی خۆر" دەناسرێت، چونکە جەستە لە کاتی بەرکەوتنی بە تیشکی خۆر بەرهەمی دەهێنێت. کەمیی ئەم ڤیتامینە دەبێتە هۆی ماندوێتی گشتی و زوو تووشبوون بە نەخۆشییە گوازراوەکان.

5. ڤیتامین C
ئەم ڤیتامینە بەرگری جەستە بەهێز دەکات و هەوکردن کەم دەکاتەوە، هەروەها یارمەتی مژینی ئاسن دەدات لە جەستەدا. کەمیی ڤیتامین C دەبێتە هۆی بێهێزی و نەمانی بەرگری بەرانبەر بە تووشبوون بە هەڵامەت.

چۆن خۆت دەپارێزیت؟
پەیڕەوکردنی سیستمێکی خۆراکی هاوسەنگ کە دەوڵەمەند بێت بە سەوزە، میوە، پرۆتین و دانەوێڵە، یارمەتیدەرە بۆ دوورکەوتنەوە لەم کێشانە. پسپۆڕان رێنمایی دەدەن ئەگەر سەرەڕای باشکردنی خۆراکیش ماندوێتی هەر بەردەوام بوو، سەردانی پزیشک بکرێت بۆ  پشکنینی خوێن، هەروەها جەخت دەکەنەوە کە نابێت بەبێ رێنمایی پزیشک هیچ تەواوکەرێکی خۆراکی بەکار بهێنرێت.