مەزڵووم عەبدی و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر کۆدەبنەوە

بڕیارە سبەی فەرماندەی گشتیی هیێزەکانی سووریای دیموکرات و وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە هەولێر کۆببنەوە، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی نێوانیان، تاوتوێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشقە.

پێنجشەممە، 5ـی شوباتی 2026، میدیای هەسەدە بڵاوی کردەوە، سبەی لە هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، هەر یەکە لە مەزڵووم عەبدی، فەرماندەی گشتی هێزەکانی سووریای دیموکرات و ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا کۆدەبنەوە.

بە پێی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکە تاوتوێکردنی رێککەوتنی نێوان هەسەدە و دیمەشقە.

ژان نوێل بارۆ، پێشوەختە پشتڕاستی کردبووەوە کە لە هەولێر لەگەڵ فەرماندەی هەسەدە کۆدەبێتەوە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر وردەکارییەکانی رێککەوتنە نوێیەکە.

ناوبراو ستایشی ڕێککەوتنەکەی کردووە و رایگەیاندووە: "ئەم هەنگاوە دەبێتە هۆی بەهێزکردنی مافە بنەڕەتییەکانی کورد."

لە لایەکی دیکەوە، وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا جەختی لەوە کردووەتەوە کە بەرەنگاربوونەوەی داعش وەک "ئەولەویەتی هەرە لەپێشینەی" پاریس دەمێنێتەوە و بەڵێنی داوە لەو چوارچێوەیەدا هەموو جۆرە پشتیوانییەک پێشکەش بکەن.

بارۆ هەروەها دووپاتی کردەوە کە وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە وەستانەوە لە پاڵ گەلی سووریا تا ئەو کاتەی ئاییندەیەکی باش و سەقامگیر بونیاد دەنرێت.