نێچیرڤان بارزانی: رۆڵی فەرەنسا لە ئاگربەستی نێوان دیمەشق و هەسەدە بەرز دەنرخێنین

سەرۆکی هەرێمی کوردستان دووپاتی کردەوە، گەلی کوردستان هەرگیز پشتیوانی و هەڵوێستەکانی ماکرۆن و فەرەنسا، بەرانبەر بە پرسی لەبیر ناکات. هاوکات جەختی لەوە کردەوە، دەبێت رێککەوتنی دیمەشق و هەسەدە بە چاودێریی نێودەوڵەتی جێبەجێ بکرێت.

ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ـی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیی هاوبەشدا ناوەرۆکی گفتوگۆکانیان خستە روو و جەختیان لە فراوانکردنی "هاوبەشیی ستراتیژی"ی نێوان هەولێر و پاریس کردەوە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا رایگەیاند، لەگەڵ وەزیری دەرەوەی فەرەنسا تاوتوێی دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستانیان کردووە و سوپاسی دۆستایەتیی دێرین و پشتیوانیی بەردەوامی پاریسی کرد بۆ گەلی کوردستان. 

نێچیرڤان بارزانی گوتی: "گەلی کوردستان هەرگیز پشتیوانی و هەڵوێستەکانی سەرۆک ماکرۆن و فەرەنسا لەبیر ناکات، کە هەمیشە بەرگریکار بوون لە مافە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان."

تەوەرێکی سەرەکیی گفتوگۆکان تایبەت بوو بە دۆخی سووریا؛ نێچیرڤان بارزانی ستایشی رۆڵی "خەمخۆرانە"ی ئیمانوێل ماکرۆنی کرد لە بەدیهێنانی ئاگربەست و دەستپێکردنەوەی دیالۆگی نێوان حکوومەتی دیمەشق و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە).

سەرۆکی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بە دیدگای هاوبەشی هەر دوو لا کرد بۆ ئاییندەی سووریا و رایگەیاند: "لەگەڵ فەرەنسا هاوڕاین کە سەقامگیریی سووریا گرنگە؛ سووریایەکی یەکگرتوو کە تیایدا مافی کورد و سەرجەم پێکهاتەکان بە شێوەیەکی دەستووری پارێزراو بێت. بۆ ئەم مەبەستەش جەختمان لە گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی نێوان دیمەشق و هەسەدە کردەوە، بە مەرجێک لەژێر چاودێریی نێودەوڵەتیدا بێت."

سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی و مەترسییەکانی تیرۆر، نێچیرڤان بارزانی روونی کردەوە، کە هەردوولا کۆک بوون لەسەر ئەوەی هێشتا داعش مەترسییەکی راستەقینەیە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە، بۆیە پێویستە ئەرکی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و توندڕەویدا بەردەوام بێت.

نێچیرڤان بارزانی، لە کۆتایی قسەکانیدا داکۆکی لە پاراستنی ئارامی و رێگری لە پەرەسەندنی گرژییەکان کردەوە و دووپاتی کردەوە، کە پێویستە سەرجەم کێشەکان لە رێگەی "دیالۆگ و ئاشتی"ـیەوە چارە بکرێن.

ئەمڕۆ ، ژان نوێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا گەشتێکی دیپلۆماسی بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەنجام دا و لەو چوارچێوەیەدا سەردانی سووریا، عێراق و هەرێمی کوردستانی کرد، ئامانجی سەردانەکەشی تاوتوێکردنی رێککەوتنی هەسەدە و دیمەشق و پرسی چەکدارە فەرەنسییەکانی نێو داعشە.