قوباد تاڵه‌بانی نوێترین زانیاری له‌باره‌ی گفتوگۆكانی هه‌رێم و به‌غدا ده‌خاته‌ڕوو
دوا ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كان ئاشكرا ده‌كات

K24- به‌غدا:
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان و هاوكات سه‌رۆكی شاندی باڵای دانوستانكاری حكومه‌تی هه‌رێم، كه ماوه‌ی زیاتر له 15 رۆژه به‌مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردنی پرسه داراییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ له به‌غدایه، له كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا نوێترین زانیاری له‌باره‌ی گفتوگۆ و دانوستانه‌كانی شانده‌كه‌یان له‌گه‌ڵ به‌رپرسانی عێراقی ده‌خاته‌ڕوو.
ده‌قی وته‌كانی قوباد تاڵه‌بانی
ئه‌مه دوو هه‌فته‌یه شاندی هه‌رێم له به‌غدایه. خۆشبه‌ختانه توانیومانه له‌سه‌ر بودجه‌ی 2021 رێكبكه‌وین. هیوادارم ئه‌م سه‌ركه‌وتنه ببێته مایه‌ی تێپه‌ڕاندنی له په‌رله‌مانی عێراق. یاساكه توانیویه‌تی به‌رژه‌وه‌ندییه هاوبه‌شه‌كان بپارێزێت. گفتوگۆشمان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی 2020 كردووه. به بێ ده‌نگی لایه‌نه كوردییه‌كان په‌سند كرا، ئێمه هاتین بۆ به‌غدا بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌م یاسایه، له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و حكومه‌ت و كه‌سایه‌تییه سیاسییه‌كان كۆبووینه‌ته‌وه و دانووستانمان له‌سه‌ر یاساكه نه‌كردووه، قسه‌مان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی كردووه.
له به‌رامبه‌ر دوو مه‌رجی راده‌ستكردنی داهاتی نه‌وت و داهاتی نانه‌وتی، بۆ هه‌ردوو بابه‌ت قسه‌مان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی كردووه و به‌رامبه‌ر به‌و مه‌رجانه له 26 ترلیۆن دینار قه‌رز، هه‌رێم پشكێكی هه‌یه، به‌داخه‌وه تا ئێستا پشكی هه‌رێم ده‌ستنیشان نه‌كراوه. چاوه‌ڕێی وه‌ڵامی به‌غداین بۆ ئه‌وه‌ی بزانین، پشكی ئێمه چه‌نده. هیوادارین به‌ر له كۆتایی ساڵ وه‌ڵامێكمان له به‌غداوه پێ بگات له باره‌ی پشكی هه‌رێم.
له 2020 هه‌رێمی كوردستان ته‌نیا شه‌ش جار مووچه‌ی بۆ ناردراوه. له مانگی ئاب، رێككه‌وتنمان هه‌بووه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت و ده‌بوایه تا په‌سندكردنی بودجه‌ی 2021 به په‌سندكردنی یاسای پڕكردنه‌وه‌ی كورتهێنانی بودجه دابڕانێك له ناردنی پشكی هه‌رێم درووست بووه و هیوادارین تا كۆتایی ساڵ، پشكی هه‌رێم له قه‌رزه‌كه ره‌وانه‌ی هه‌رێم بكرێت.
2021 ساڵێكی قورس ده‌بێت و پێویستمان به‌وه‌یه به‌یه‌كه‌وه كار بكه‌ین و به‌یه‌كه‌وه رووبه‌ڕووی هه‌ڕه‌شه‌كان ببینه‌وه. پێویستمان به‌وه‌یه، یه‌كڕیزی نیشتمانیمان هه‌بێت و هیوادارم له زاخۆوه تا به‌سره لایه‌نه سیاسییه‌كان به یه‌ك ده‌ست و یه‌ك ئامانج كار بكه‌ین بۆ زاڵبوون به‌سه‌ر كێشه‌كاندا.
گه‌شبینم له 2021 سه‌ركه‌وتن به‌ده‌ستبهێنن بۆ گه‌لی كوردستان و گه‌لی عێراق.