سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت

گفتوگۆ له‌باره‌ی كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدراڵ كرا

مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا
مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و مایك پۆمپێیۆ، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌مه‌ریكا

K24- هه‌ولێر:

ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە 2020/12/22 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە مایك پۆمپێیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا پێگەیشت.

لە پەیوەندییەکەدا هەردوولا بە درێژی گفتوگۆیان دەربارەی کێشەکانی نێوان هەرێمی کورستان و حکومەتی فیدراڵی کرد، بەتایبەتی سەبارەت بە بابەتی بودجەوە. سەرۆکی حکومەت پێشنیازی کرد، کە ویلایه‌تە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا و نەتەوە یەکگرتووەکان، بە شێوەیەکی کارا و لە ئاستێکی باڵادا، بەشداربن لە چارەسەکردنی کێشەکان و گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی لە سەر بنەمای دەستوور. سەرۆکی حکومەت سوپاسی هەڵوێستی وەزیری دەرەوەی ئەمەریکای کرد، کە خوازیارە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەکی دادپەروەرانە بەشی خۆی لە بودجەی فیدراڵی بەرکەوێت. هەروەها سوپاسی پۆمپێیۆی کرد بۆ پشتیوانی بەردەوامیی لە هەرێمی کوردستان لەماوەی كاركردنيدا.

لە پەیوەندییەکەدا هەروەها جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئەمەریکا کرایەوە، بە تایبەتی لە بواری وزەدا. سەرۆکی حکومەت ئاماژەی بە گرنگیی بەردەوامبوونی یارمەتییەکانی ئەمەریکا کرد بۆ هێزی پێشمەرگە و هەروەها یارمەتییە تەکنیکییەکانی USAID.

لە تەوەرێکی دیکەی پەیوەندییەکەدا، ئاستەنگەکانی بواری سەقامگیریی ئەمنیی لە ناوچەکە و نەهێشتنی گرژییەکان لە سەر سنووری هەرێمی کوردستان و سووریا و گرنگیی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی شنگال تاووتوێ کران، لە پێناو گەڕانەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان.

H.B

Fly Erbil Advertisment